سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە کونسوولی گشتی نوێی ئەمریکا کرد
پەیامی کورد ... سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە کونسوولی گشتی نوێی ئەمریکا کرد
پێنجشەممە 8/15، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ستیڤن بیتنەر کونسوولی گشتی نوێی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.
سەرۆکی حکوومەت، پیرۆزبایی دەست بەکاربوونی لێکرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست.
سەرۆکی حکوومەت هەروەها سوپاسی مارک سترۆ، کونسوولی پێشووی ئەمریکای کرد، كە لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوو، بۆ کارکردنی لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە.
کونسوولی گشتی نوێی ئەمریکا، وێڕای دەربڕینی ئامادەیی ووڵاتەکەی بۆ برەودان و بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێم لە هەموو بوارەکاندا. باسی لە ڕۆڵی گرینگی هەرێمی کوردستان کرد وەک هاوبەشێکی بەهاداری ئەمریکا لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ناوچەکەدا.
کونسوولی گشتی نوێی ئەمریکا هەروەها ئاماژەی بە سەردانی فەرمی سەرۆکی حکوومەت کرد بۆ ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا کە ڕۆڵێکی گرینگی هەبوو لە پێدانی ڕوونکردنەوەی پێویست لەبارەی گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچە بە بەرپرسانی باڵای ئەو ووڵاتە، هیواشی خواست ئەو جۆرە سەردانانە بەردەوام بن.
ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و گرینگی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
ئەم بابەتە 11345 جار خوێندراوەتەوە