سەرۆکی حکوومەت : گرینگە لە 20ـی ئۆکتۆبەر دەنگ بدەن بەو لایەنەی کە خزمەتی گەل و ووڵات دەکات

پەیامی کورد   ...   سەرۆکی حکوومەت : گرینگە لە 20ـی ئۆکتۆبەر دەنگ بدەن بەو لایەنەی کە خزمەتی گەل و ووڵات دەکات

سەرۆک حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئاستی خوێندن بەرەوپێش دەبەین و حکوومەت بە هەموو توانەکانی بەردەستی هاوکار دەبێت. هاوکات دەڵێت: سوپاس بۆ مامۆستایان کە لەکاتی قەیرانەکاندا نه‌یانهێشت پرۆسەی خوێندن پەکی بکەوێت.

بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاهەنگی خولی 43ـیه‌مینی دەرچووانی زانکۆی سەڵاحەددین بە ناونیشانی (خولی زانست، داهێنان و بونیادنان) لە یاریگەی فرانسۆ هەریری لە هەولێر بەڕێوە چوو و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی سەڵاحەددین دا، گوتارێکی پێشکەش کرد و وێرای پیرۆزباییکردن لە دەرچووان و کەسوکارەکانیان ئاماژەی بەوە دا، ئەم سەرکەوتنە بۆ قوتابییان لەو قۆناغەی ژیانیان سەرکەوتنێکی گەورەیە، دەبێت هەستێکی خۆشتان هەبێت کە بەرهەمی ڕەنج و ماندوبوونی خۆتان بببینن، شانازیتان پێوە دەکەین.

مەسروور بارزانی، سوپاسی سەرجەم مامۆستایان دەکات و دەڵێت: مامۆستایان لەکاتی قەیران نەیانهێشت خوێندن پەکی بکەوێت و بەردەوام بوون لە پێدانی وانە بە قوتابییان، هەروەها سەرەڕای ماندوبوونیان نەیانهێشت ڕەنجی قوتابیان بەفیڕۆ بچێت. هاوکات ووتی: قەرەبووی ماندوبوونی مامۆستایان دەکەیەنەوە.

لەبارەی بەرەوپێش بردنی ئاستی خوێندن، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دەمانەوێت ئاستی خوێندن لە کوردستان بەرەوپێش بەرین، بۆ ئەم مەبەستە دەستەی متمانەبەخشینمان دامەزراندووە، بۆ ئەوەی ئاستی خوێندی باڵا بە پێوەر و ستانداردی نێودەوڵەتی بکرێت، جێگەی خۆشحاڵیشە کە ڕۆژ بە ڕۆژ ئاستی زانکۆکانیش بەرەو پێش دەچێت.

ئەوەشی خستەڕوو، حکوومەت هەموو هەوڵێک دەدات گرینگییەکی زیاتر بە زانکۆکان و شوێنی حەوانەی قوتابییان بدات، هاوکات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن لە هەموو ڕوویەکەوە درێغی ناکەین.

مەسروور بارزانی، لە درێژەی ووتارەیەکدا پەیامێکی ئاراستەی دەرچووان کرد و ووتی: ئەمڕۆ قۆناغی خوێندتان بە سەرکەوتوویی تێپەڕاند، بەڵام پێ دەنێنە تاقیکردنەوەیەکی دیکە ئەویش دەنگدانە، پێویستە هەموو بەشداری بکەن لە دەنگدان، زۆرینەتان یەکەم جارە بەشداری دەکەن لە دەنگدان و، گرینگە دەنگ بدەن چونکە ئەوە مافی ئێوەی خۆشەویستە.

باسی لەوەش کرد، ئێوە ئێستا بەو زانستەی کە فێری بوون دەتوانن خوێندنەوەیەکی باشترتان بۆ ڕووداوەکان هەبێت، گرینگە لە 20ـی ئۆکتۆبەر دەنگ بدەن بەو لایەنەی کە خزمەتی گەل و وڵات دەکات.

لەبارەی هەڵبژاردنەوە جەختی لەوە کردەوە، ئەم ‌هەڵبژاردنە بۆ هەموومان گرینگە، هەر بڕیارێک لەم هەڵبژاردنە بدرێت چارەنووسی ووڵاتمان دیاری دەکات، دەنگدەران دەتوانن دەستنیشانی ئەوە بکەن کە کێ حوکمڕانی داهاتوویان بێت، پێویستە هەموو لایەک دەنگ بدەن بۆ ئەوەی خەڵکێکی دیکە لە بری دەنگدەران بڕیار نەدەن.

لەبارەی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: بە شێوەیەکی گشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە بە بارودۆخێکی ناخۆش تێدەپەڕن، بەڵام ئێمە لە پێشوش دا بارودۆخی لەو شێوەیەمان بینیوە و تێمان پەڕاندوون، لەمەودوا بە بوونی ئێوە و هێزی ئێوە دەتوانین ووڵاتێکی خۆشتر و باشتر بۆخۆمان دروست بکەین، کەس ناتوانێت ووڵاتمان بۆ دروست بکات ئەگەر خۆمان نەمانەوێت.

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، گرینگە بیر لەوە بکەینەوە کە ئەم ووڵاتە هی هەمووانە، دەتوانین پێکەوە وڵاتێک بۆخۆمان دروست بکەین کە نموونە بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەروەها دەرچووان دەتوانن بەشدار بن لە کەرتی گشتی و تایبەت و ڕۆڵی خۆتان بگێڕن،  بۆ ئەوەی بەیەکەوە کوردستانێک درووست بکەین، ئارام، ئاشتیخواز و پێشکەوتوو بێت.

لە کۆتایی ووتارەیەکەیدا، مەسروور بارزانی، بە گەشبینی یەوە ئاماژەی بەوە کرد، دڵنیام ئێوە دەتوانن لە داهاتوودا ببنە خاوەنی ووڵاتێکی خۆشتر و  گەشەسەندوتر. هەروەها حکوومەت بەردەوام یارمەتیتان دەدات و هەلی کارتان لە کەرتی گشتی و تایبەتدا بۆ دەڕەخسێنێت.


ئەم بابەتە 24907 جار خوێندراوەتەوە