سەرۆکی هەرێمی کوردستان جه‌خت له پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یى ده‌كاته‌وه
پەیامی کورد ... سەرۆکی هەرێمی کوردستان جه‌خت له پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یى ده‌كاته‌وه
دووشەممە 2025/2/24 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ڕەوەندی عێراقی لە ئه‌مریکا به سه‌رۆكایه‌تی مارتن مەننا، سەرۆکی ژووری بازرگانی كلدانى ـ ئه‌مریکی کرد.
لە دیدارێکدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ستایشی ڕۆڵی ڕەوەندی عێراقی لە دەرەوە کرد لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتى و پشتگیری‌یان له پێشخستنى ئابووری و گەشەپێدان، هەروەها جەختی لەسەر گرینگی پاراستنی ناسنامەی نیشتمانی و فرەیی کولتووری و ئائینی عێراقییەکان و بەهێزکردنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەنێوان هەموو پێکهاتەکاندا کردەوە.
لای خۆیانەوە، شاندەکە پێزانینیان بۆ كولتوورى یه‌كترقبووڵكردن و پێکەوەژیانی ئاشتییانە و لێبوردەیی لەنێوان پێکهاتە جیاكاندا له هەرێمی کوردستان ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها داكۆكییان لە بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ هەرێمى كوردستان به‌تایبه‌تى لە بوارى ئابووری و وەبەرهێناندا کرد بە جۆرێک کە پشتگیری گەشەپێدان بکات و دەرفەتی نوێ بۆ پەیوەندی لەنێوان ڕەوەندی عێراقی لە دەرەوە و کوردستاندا بڕەخسێنێت. له‌مباره‌یه‌وه چه‌ند بیرۆكه‌یه‌كیان ده‌رباره‌ى كار و پرۆژه‌ى وه‌به‌رهێنان له ده‌شتى نه‌ینه‌وا و هه‌رێمى كوردستان خسته ڕوو.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر پابەندی هەرێمی کوردستان بە پێکەوەژیانی ئاشتییانە و لێبوردەیی لەنێوان هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا کردەوە و دڵنیایى دا كه هه‌رێمى كوردستان هه‌میشه وەک نموونەیەک بۆ ئاشتی و فرەیی و کرانەوە ده‌مێنێته‌وه، هەروەها بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان عێراقییەکانى ناوەوە و دەرەوەی ووڵات و هاوکاری هاوبەشیان لەپێناو داهاتوویەکی باشتردا بۆ هه‌مووان به گرینگ زانى. هه‌ر له‌و میانه‌دا هه‌موو ئاسانكارییه‌كى بۆ ڕه‌خساندنى زه‌مینه‌ى له‌بارى وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمى كوردستان بۆ شانده‌كه ده‌ربڕى.
ئەم بابەتە 54 جار خوێندراوەتەوە