سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سه‌رۆك وه‌زیران، دۆخى عێراق و كوردستان، تاوتوێ کرد

پەیامی کورد   ...   سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سه‌رۆك وه‌زیران، دۆخى عێراق و كوردستان، تاوتوێ کرد

چوارشه‌ممه‌ 2024/11/13  نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ کرد.

لە کۆبوونەوەیه‌كدا ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینه‌ی نوێی حکوومەتی هەرێمى كوردستان، پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا، هەروەها بارودۆخی ووڵات و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، تاوتوێ کران.

سەرۆک وەزیران سوودانی، پیرۆزبایی لە هەرێمى كوردستان کرد بۆ سەرکەوتنى هەڵبژاردنی پەرلەمان و ستایشی بەشداری بەرفراوانی هاووڵاتیانی هه‌رێمى كوردستانی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا كرد کە نیشانەی هۆشیاری سیاسی گەلی کوردستان و پابەندبوونیه‌تی بە پرۆسەی دیموکراسییەوه‌.

هەردوولا جەختیان لەسەر گرینگی بەهێزکردنی میکانیزمەکانی هەماهەنگیی هاوبەش و پێویستی چارەسەرکردنی دۆسیە هاوبەشەکانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدایان لە ڕێگەی دیالۆگی بیناتنەر و پابەندبوون بە دەستووری عێراقه‌وه‌، کردەوە. هه‌روه‌ها هاوڕا بوون لەسەر گرینگی بەردەوامبوونی گفتوگۆ بۆ بەهێزکردنی هاوکاری و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانى نێوانیان.

لاى خۆیەوە، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی ستایشی پشتگیری سەرۆک وەزیران سوودانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراقی کرد بۆ سه‌رخستنى هەڵبژاردن و جەختی لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی هاوکاری نێوان هەولێر و بەغدا لە قۆناغی داهاتوودا کردەوە.

لە ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى کۆبوونەوەکەدا پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق تاوتوێ کران. له‌مباره‌یه‌وه‌ هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستی دوورخستنەوەی ووڵات لە لێكه‌وته‌كانى ململانێی هەرێمی و کاری هاوبەش بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کردەوە.

پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و چۆنیەتی پەرەپێدانیان، لایه‌نێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو كه‌ ژمارەیەک لە بەرپرسانی هەردوولا، ئاماده‌ى بوون.


ئەم بابەتە 38 جار خوێندراوەتەوە