سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی له‌ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی UN كرد

پەیامی کورد   ...   سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی له‌ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی UN كرد

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2025/2/5 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د حه‌سسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و بواره‌كانى هاوکاری نێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و عێراق و هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جەختیان لەسەر گرینگی پاراستنى سەقامگیری سیاسی له‌ عێراق كرده‌وه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش، پتەوکردنی هاوكاری نێوان بەغدا و هەولێر و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌ردوولایان به‌ گفتوگۆ و لێكگه‌یشتن به‌ پێویست زانى. هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى گفتوگۆى لایه‌نه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان، بیروڕایان گۆڕییه‌وه‌ و هاوڕا بوون له‌سه‌ر پێویستی په‌له‌كردن له‌ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.

له‌ ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکان و دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان، خرانە به‌ر باس. له‌مباره‌یه‌وه‌، داكۆكى لەسەر بەردەوامی پشتگیری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا و هاوکاری و هەماهەنگی بەردەوامى نێوانیان کرایه‌وه‌.


ئەم بابەتە 56 جار خوێندراوەتەوە