سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری بەرگری ئاڵمانیا کرد
پەیامی کورد ... سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری بەرگری ئاڵمانیا کرد
پێنجشەممە ٢٠٢٤/١٢/١٢ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بۆریس پیستۆریوس، وەزیری بەرگری ئاڵمانیا و شاندێکی یاوەری کرد کە لە ژمارەیەک ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵی ئاڵمانیا و بەرپرسانی سەربازی و دیپلۆماتکاران، پێکھاتبوو.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆک، وەزیری کاروباری پێشمەرگە، سوپاسالاری پێشمەرگە، باڵیۆزی ئاڵمانیا لە عێراق و نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئاڵمانیا ئامادەی بوون، دوایین پێشھاتەکانی دۆخی سووریا، کاریگەری و لێکەوتەکانی لەسەر ئەرک و چالاکی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و دۆخی گشتی عێراق، تاوتوێ کران، ھەروەھا دەربارەی پەیوەندییەکانی ئاڵمانیا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان لە بوارە جیاکاندا، بیروڕایان گۆڕییەوە.
نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی ھەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیری بەردەوامی ئاڵمانیا لە عێراق و ھەرێمی کوردستان لە ھەموو بوارەکاندا دووپات کردەوە. بەڕێزیان بەتایبەتی ستایشی ڕۆڵی ئاڵمانیای لە پشتیوانیکردنی عێراق و ھەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی داعشدا کرد، ھەروەھا ھاوکاری ھێزەکانی ئاڵمانیای لە پرۆسەی یەکخستنەوەی پێشمەرگە و یارمەتییەکانی ئاڵمانیای بۆ پێکھاتەکان، بەتایبەتی ئێزدییان بەرز نرخاند.
لای خۆیەوە، وەزیری بەرگری ئاڵمانیا جەختی لەسەر پابەندی ووڵاتەکەی بۆ بەردەوامی پشتگیری و فراوانکردنی ھاوکاری ھاوبەشی لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان لە ھەموو بوارەکاندا کردەوە. ھەروەھا خۆشحاڵی خۆی بە ئەرکی ھێزەکانیان لە ھەرێمی کوردستان نیشان دا و دووپاتی کردەوە کە بەردەوام دەبن.
ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ھەوڵەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ، پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدا و چەند پرسێکی جێی بایەخی ھاوبەش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.
ئەم بابەتە 113 جار خوێندراوەتەوە