سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا هێرشەکانی ئەم دوایی یەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراین بە "ترسناک" ناوبرد.

پەیامی کورد   ...   سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا هێرشەکانی ئەم دوایی یەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراین بە "ترسناک" ناوبرد.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا ڕۆژی یەکشەممە هێرشە بەرفراوانەکانی ڕووسیا بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ئۆکراین بە "ترسناک" ناوبرد و ووتی کیێڤ دەتوانێت حساب بۆ یارمەتییەکانی یەکیتی ئەورووپا بکات.

ئۆرسێلا ڤۆن دێر لاین کە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی گرووپی ٢٠ چووە ڕیۆ دی جانیرۆ لە بەرازیل، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای بەڕازیلی "گلۆبۆ" بە ئاماژەدان بە هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ژێرخانی ووزەی ئۆکراین ووتی : تا ئەو کاتەی پێویست بێت لەگەڵ ئۆکراین دەوەستینەوە. "ئێمە لەم زستانەدا پشتگیری ئۆکراین دەکەین".

ڕۆژی یەکشەممە، ڕووسیا "گەورەترین شەپۆلی هێرشی ئاسمانی"ی خۆی بۆ سەر ئۆکراین لە ماوەی نزیکەی سێ مانگدا ئەنجام دا و بووە هۆی پچڕانی بەپەلەی کارەبا لە زۆرێک لە ناوچەکانی ئۆکراین .

بە ووتەی بەرپرسان لەو هێرشانەدا ١٢٠ مووشەک و ٩٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان تەقێندراون و بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لانیکەم ٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیانێکی زۆریش بە تۆڕی کارەبای ئۆکراین کەوتووە.

دوای چەند کاتژمێرێک، ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ڕێگە بە کیێڤ دەدات کە بە بەکارهێنانی چەکی ئەمریکی هێرش بکاتە سەر ئامانجەکانی قووڵایی ناو ڕووسیا.

ئەم گۆڕانکارییە گەورەیە لە سیاسەتی ئەمریکا دژی شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکراین لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی ئەم سەرچاوانە ئۆکراین بەنیازە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا یەکەم هێرشی دوور مەودای خۆی ئەنجام بدات.

سەرچاوەکانی ئەم ڕاپۆرتە بە هۆی نیگەرانییە ئەمنییەکانەوە ئامادە نەبوون ئاماژە بە ووردەکارییەکانی ئەم پلانە ئۆکراین یە بکەن.

تا ئێستا کۆشکی سپی هیچ لێدوانێکی لەو بارەیەوە نەداوە.


ئەم بابەتە 17 جار خوێندراوەتەوە