سەرۆکی گشتی ھودا پار و شاندێکی یاوەری سەردانی مەکتەبی سیاسی پارتیان کرد

پەیامی کورد   ...   سەرۆکی گشتی ھودا پار و شاندێکی یاوەری سەردانی مەکتەبی سیاسی پارتیان کرد

٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە پیرمام، فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پێشوازی لە شاندێکی ھودا پار بە سەرۆکایەتی (زەکەریا یاپیجی ئۆغلو) سەرۆکی گشتی ھودا پار کرد.

ئەمڕۆ لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پێشوازی لە شاندێکی پارتی دۆزی ئازاد (ھودا پار) بە سەرۆکایەتی (زەکەریا یاپیجی ئۆغلو) سەرۆکی گشتی ھودا پار کرد.

لە دانیشتنێکدا کە سیداد بارزانی ئەندامی دەستەی کارگێڕی و د. کەمال کەرکووکی و نەوزاد ھادی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و جوان یونس ڕۆژبەیانی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی ئامادەی ببوون، فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی وێڕای زۆر بەگەرمی بەخێرھێنانی شاندی میوان پیرۆزباییان کرد بە بۆنەی بەستنی کۆنگرەی حەوتەمی ھودا پار و سەرکەوتنی کۆنگرەکە.

ھەروەھا میرانی پوختەیەک لەسەر ڕەوشی ناوچەکەی خستەڕوو و کاردانەوەکانی بە ھەستیار لە قەڵەم داو ئاماژەی بەوەدا کە ناوچەکە لە شڵەژانێکی خراپ دایەو کاریگەریشی لەسەرتاسەری ناوچەکە کردووە.

ھاوکات فازڵ میرانی دووپاتی کرد کە ھێزە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان لەخۆ ئامادەکردندان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی ئەم ھەڵبژاردنەو ھیوادارین ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بکرێت و حکوومەتێک پێکبھێنرێت کە لە خزمەتی گەلی کوردستاندا بێت.

میرانی جەختی کرد کە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و ھودا پار پەیوەندی ھەرە باش و سەرکەوتووە و ئەم پەیوەندیانە لە خزمەتی ھەردوولا دایەو پێش خستنی ئەرکی ھەردوولایە.

لەلای خۆیەوە (زەکەریا یاپیجی ئۆغلو) سەرۆکی گشتی ھودا پار بە ناوی خۆی و شاندەکە زۆر سوپاسی مەکتەبی سیاسی پارتی کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارەو پوختەیەکی لەسەر کارو چالاکی ھودا پار خستەڕوو، ھەروەھا دووپاتی کرد کە ئێستا ھودا پار (٤) ئەندام پەرلەمانیان ھەیە لە پەرلەمانی تورکیاو ھودار پار لە خەباتی سڤیل بۆ خزمەتکردنی گەلانی تورکیا بەردەوامە.

ھەروەھا (زەکەریا یاپیجی ئۆغلو) سەرۆکی ھودا پار خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە ئەنجامدانی ئەم سەردانەو خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پارتی دیموکراتی کوردستان بەرەو پێش دەڕوات و ھەبوونی سەرۆک بارزانی وەک مەرجەع ھێزێکی گەورەیە بۆ ھەموو لایەنەکان و ھیوای خواست کوردستان ھەر لە گەشەسەندندا بێت.


ئەم بابەتە 81432 جار خوێندراوەتەوە