سەرۆکی ھەرێمی کوردستان داكۆكى له‌ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ژاپۆن کرد

پەیامی کورد   ...   سەرۆکی ھەرێمی کوردستان داكۆكى له‌ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ژاپۆن کرد

یەکشەممە ٢٠٢٥/٥/٢٥، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ھیتۆشی ئیشیزوکا، بەرپرسی نوێی نووسینگەی کونسووڵگەری ژاپۆن لە ھەولێر کرد.

لە دیدارێکدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، وێڕای بەخێرھێنان و پیرۆزبایی دەست بەکاربوون، ھیوای سەرکەوتنی بۆ بەرپرسی نوێی نووسینگەی کونسووڵگەری ژاپۆن لە ھەولێر خواست و ھەموو پشتگیرییەکی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ھەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی ئەرکەکەی، دووپات کردەوە.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، خواستی ھەرێمی کوردستانی بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ژاپۆن نیشان دا و ئاماژەی بە دەرفەتی کار و وەبەرھێنانی ژاپۆنی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کرد. بەڕێزیان ھەروەھا سوپاسی ژاپۆنی کرد بۆ یارمەتی و پشتگیرییەکانی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان.

لای خۆیەوە ئیشیزوکا دووپاتی کردەوە کە ووڵاتەکەی بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان دەڕوانێت و خوازیارە لە بوارە جیاجیاکاندا، برەو بە ھاوکاری ھاوبەشیان بدات، ھەروەھا پوختەیەکی لەسەر چالاکی کۆمپانیا ژاپۆنییەکان لە ھەرێمی کوردستان و بەرنامەی کارەکانی، خستە ڕوو.


ئەم بابەتە 33 جار خوێندراوەتەوە