سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لهگهڵ بەڕێوبەری گشتی و شاندێكى FAO كۆبووهوه
پەیامی کورد ... سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لهگهڵ بەڕێوبەری گشتی و شاندێكى FAO كۆبووهوه
دووشەممە ٢٠٢٥/٥/٢٦، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی باڵای ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (FAO)، بە سەرۆکایەتی شوو دۆنیۆ، بەڕێوبەری گشتی ڕێکخراوەکە، کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و سەیوان بارزانی، باڵیۆزی عێراق لە ئیتاڵیا و باڵیۆزی عێراق لە ڕێکخراوی FAO ئامادەی بوون، بەھێزکردنی ھاوکاری ھاوبەش لە بوارەکانی کشتوکاڵ و ئاسایشی خۆراک و سەرچاوە ئاوییەکان لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستاندا تاوتوێ کرا، ھەروەھا دەربارەی چۆنیەتی کاریگەری گۆڕانی ئاووھەوا و بەبیابان بوون و کەم ئاوی و بەرەنگاربوونەوەی کێشەکانی بەردەم کشتوکاڵ و ئاو و خۆراک، بیروڕایان گۆڕییەوە.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ کار و بەرنامەکانی ڕێکخراوەکە لە عێراق و ھەرێمی کوردستان دەربڕی و ڕۆڵی لە جێبەجێکردنی پرۆژەکانی گەشەپێدان و بەدیھێنانی ئاسایشی خۆراک، بەرز نرخاند، ھەروەھا ھەموو پشتگیرییەکی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ھەرێمی کوردستانی بۆ کار و بەرنامەکانی FAO دووپات کردەوە.
لای خۆیەوە، دۆنیو سوپاسی ڕێکخراوەکەی بۆ گرینگیدانی ھەرێمی کوردستان بە کەرتی کشتوکاڵ دەربڕی، ھەروەھا ئامادەیی FAOی بۆ فراوانکردنی بوارەکانی ھاوکاری و جێبەجێکردنی بەرنامە ستراتیژییەکان دووپات کردەوە کە خزمەت بە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام لە ھەرێمی کوردستان دەکات.
ئەم بابەتە 29 جار خوێندراوەتەوە