سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە

پەیامی کورد   ...   سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە

پاشنیوه‌ڕۆى چوارشه‌ممه‌ 2024/10/16 له‌ ئانکارا، نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكى كۆمارى توركیا كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، جه‌ختیان له‌ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى توركیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، به‌تایبه‌تى له‌ بوارى ئابووریدا كرده‌وه. له‌مباره‌یه‌وه‌ چۆنیه‌تی به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و ده‌ر‌فه‌ته‌كانى كار و وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزاری توركییان له‌ ناوچه‌ جیاكانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، تاوتوێ كرد.

سه‌رۆكى كۆمارى توركیا، به‌رده‌وامی هاوكارى و پشتگیری ووڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و هاوكاری هاوبه‌شی نێوانیانی له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماده‌یى و خواستى كه‌رتى تایبه‌تى ووڵاته‌كه‌ى بۆ كار و وه‌به‌رهێنان له‌ بوار و كه‌رته‌ جیاكاندا نیشان دا.

له‌ ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، هه‌ردوولا نیگه‌رانی خۆیان ده‌رباره‌ى ئاڵۆزی دۆخى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و مه‌ترسى و ئه‌گه‌رى لێكه‌وته‌كانى به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌وه‌ ده‌ربڕى. له‌مباره‌یه‌وه‌ هاوڕا بوون كه‌ پێویسته‌ هه‌مووان كار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ڕێگه‌ له‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى زیاترى ئالۆزییه‌كان بگیرێت و كێشه‌كان ئاشتییانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن.

په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، پرۆژه‌ى ڕێگه‌ى په‌ره‌پێدان، په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ووڵاتانى ناوچه‌كه‌، مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش، چه‌ند ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌كه‌وه‌ بوون.


 


ئەم بابەتە 17163 جار خوێندراوەتەوە