سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی ستۆنیا كۆبووه‌وه‌

پەیامی کورد   ...   سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی ستۆنیا كۆبووه‌وه‌

ھەر لە کۆنفرانسی ئاسایشی میوونشن دا، ئێوارەی ھەینی ٢٠٢٥/٢/١٤، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئالار کاریس، سەرۆکی ئیستۆنیا کۆبووەوە.

کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکانی نێوان ستۆنیا و عێراق و ھەرێمی کوردستان بوو، ھەروەھا باسیان لە چۆنیەتی بەھێزکردنی ھاوکاری ھاوبەش لە بوارەکانی ئاسایش، تەکنۆلۆژیا و پەروەردەدا کرد.

نێچیرڤان بارزانی پێزانینی خۆی بۆ پشتگیری ستۆنیا لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتیدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەربڕی، ھەروەھا ستایشی دەرفەتەکانی ھاوکاری لە بواری تەکنۆلۆژیا و خوێندنی باڵای نێوان ھەردوولادا کرد.

لای خۆیەوە، سەرۆک ئالار کاریس خواستی ستۆنیای بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بانگھێشت کرد بۆ سەر‌دانی ستۆنیا، ھەروەھا ئاماژەی بە گرینگی ھاوبەشی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنییە ھەرێمایەتییەکاندا، کرد.

ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ھەوڵەکانی پێکھێنانی حکوومەتی داھاتووی ھەرێمی کوردستان، پێشھاتەکانی عێراق و سووریا، لەگەڵ چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی ھاوبەش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.


ئەم بابەتە 54 جار خوێندراوەتەوە