سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی ٤٠ ووڵات لە کردنەوەی کلێسای نۆتێردام بەشدار دەبێت

پەیامی کورد   ...   سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی ٤٠ ووڵات لە کردنەوەی کلێسای نۆتێردام بەشدار دەبێت

نوێنەری حکوومەتی  ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا ووتی : سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەردانی فەرەنسا دەکات و لەگەڵ سەرکردەی نزیکەی ٤٠ ووڵات بەشداری لە مەراسیمی کردنەوەی کلێسایەک دەکات، بۆیە ھاوشێوەی سەرۆکی ووڵاتان سەرۆکی ھەرێمیش بەشداری لەو مەراسیمە دەکات و دیدار و چاوپێکەوتنی دەبێت. 

عەلی دۆڵەمەری ، نوێنەری حکوومەتی  ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا،ڕایگەیاند : دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٩ کلێسای نۆتردام سوتا و دواتریش نوژەنکرایەوە، بڕیارە حەوتی ئەم مانگە لە مەراسیمێکدا بکرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش سەرکردەی نزیکەی ٤٠ ووڵات بانگھێشت کراون، سەرۆکی فەرنسا بە فەرمی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانییک بانگھێشت کردووە و  بەشداری لە مەراسیمەکە دەکات، چوونکە لە مەراسیمێکدا کلێساکە دوای نوژەنکردنەوە بەشێوەیەکی فەرمی دەکرێتەوە و سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئەمریکا دۆناڵد ترامپ یش لەوێ ئامادە دەبێت. 

د.عەلی دۆڵەمەری ووتیشی: بەشداریکردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەو مەراسیمە لە چەند لایەنەک گرینگی ھەیە، ئەمە پەیامێکە لە فەرەنساوە بۆ ھەرێمی کوردستان کە گرینگی بە ھەرێمی کوردستان دەدات، سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش لەتەک سەرۆکی ووڵاتان بەشدار دەبێت، ئەوەیش لە دیدگای فەرەنسا گرینگی خۆی ھەیە، پەیامێکی دیکە ئەوەیە ھەرێمی کوردستان لە ڕاستی سیاسی جیھان دەتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێرێت، سەرەِڕای ئەوەی ھەرێمە سەرۆکەکەی وەکو سەرۆکی ووڵاتان بانگھێشت کراوە. 

دۆڵەمەری باسی لەوەش کرد : لەو مەراسیمە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دیدار و چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەرۆکی ووڵاتان  دەبێت و لەگەڵ سەرۆکی فەرەنساش کۆبوونەوەی دەبێت. 

ڕۆژی شەممە لە پاریس لە ووڵاتی فەرەنسا دوای نوژەنکردنەوە، کلێسای کاتێدراڵی نۆتردام بە ئامادەبوونی سەرۆکی نزیکەی ٤٠ وڵات لە مەراسیمێکدا دەکرێتەوە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی نێچیرڤان بارزانییش بەشێوەیەکی فەرمی لەلایەن سەرۆکی فەرەنسا بانگھێشت کراوە و بەشداری لەو مەراسیمە دەکات. 


ئەم بابەتە 138 جار خوێندراوەتەوە