سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ هادى عامرى كۆبووهوه
پەیامی کورد ... سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ هادى عامرى كۆبووهوه
ھەر لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٥/١/١٣ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ ھادی عامری، ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی بەدر، کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، ھاوکاری سیاسی و ئەمنی نێوان ھەولێر و بەغدا تاوتوێ کرا و تیشک خرایە سەر گرینگی کاری ھاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی بۆ عێراق پێشھاتوون، لەمبارەیەوە جەختیان لەسەر بەھێزکردنی گفتوگۆی نێوان ھەموو لایەنە سیاسییەکان کردەوە بۆ بەدیھێنانی دیدگایەکی نیشتمانی ھاوبەش کە خزمەتی سەقامگیری و پێشکەوتنی ووڵات بکات.
ھەروەھا ھەردوولا ھاوڕا بوون لەسەر گرینگی بەردەوامی ھاوکاری ھاوبەش و ھەماھەنگی نێوان لایەنە عێراقییەکان بۆ دەستەبەرکردنی تەبایی و پتەوکردنی گیانی نیشتمانی و تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان بە شێوەیەک کە بەرژەوەندی گەلی عێراق بە ھەموو پێکھاتەکانییەوە بپارێزێت.
دوایین پێشھات و پەرەسەندنەکانی دۆخی ناوچەکە، بەتایبەتی گۆڕانکارییەکانی سووریا و کاریگەری لێکەوتەکانی، لەگەڵ چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی ھاوبەش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.
ئەم بابەتە 78 جار خوێندراوەتەوە