سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەحرەین كۆبووهوه
پەیامی کورد ... سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەحرەین كۆبووهوه
لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میوونشن دا، ئێوارەی ھەینی ٢٠٢٥/٢/١٤، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ د.عەبدوللەتیف بن ڕاشد ئەلزەییانی، وەزیری دەرەوەی شانشینی بەحرەین کۆبووەوە.
ھەردوولا پەیوەندییەکانی بەحرەینیان لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان تاوتوێ کرد و تیشکیان خستە سەر دوایین پێشھاتەکانی ناوچەکە، ھەروەھا باسیان لە چۆنیەتی بەھێزکردنی ھاوکاری دوولایەنە لە بوارە ھاوبەشەکان دا کرد.
نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر گرینگی فراوانکردنی ئاسۆی ھاوکاری نێوان ھەرێمی کوردستان و شانشینی بەحرەین لە بوارە سیاسی و ئابوورییەکاندا کردەوە، ھەروەھا ئاماژەی بە ڕۆڵی ھەرێمی کوردستان لە بەھێزکردنی سەقامگیری ناوچەکەدا کرد.
لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی بەحرەین خواستی ووڵاتەکەی بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان دەربڕی و ستایشی ڕۆڵی ھەرێمی کوردستانی کرد لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەدا.
ھەروەھا ھەردوولا دەربارەی دۆخی سووریا و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی ھاوبەش، بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد.
ئەم بابەتە 52 جار خوێندراوەتەوە