سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری ناوخۆی بەریتانیا کۆبووەوە

پەیامی کورد   ...   سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری ناوخۆی بەریتانیا کۆبووەوە

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە ھەولێر پێشوازی لە وەزیری ناوخۆی بەریتانیا کرد و باسیان لە ھاوکاری ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ڕێکخراو، کۆچی نایاسایی، بازرگانی بە مرۆڤ، سپیکردنەوەی پارە و تاوانی ئەلیکترۆنی کرد. 

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٤/١١/٢٧ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە خاتوو ئێڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا کرد. 

لە کۆبوونەوەیەکدا پتەوکردنی پەیوەندییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەگەڵ شانشینی یەکگرتوو، بەھێزکردنی ھاوکاری ھاو‌بەش لە ھەموو بوارەکاندا، بەتایبەتی ھاوکاری ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ڕێکخراو، کۆچی نایاسایی، بازرگانی بە مرۆڤ، سپیکردنەوەی پارە و تاوانی ئەلیکترۆنی، تاوتوێ کران.

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، گرینگی بەھێزکردنی ھاوکاری نێودەوڵەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنی و مرۆییەکان و تاوانە نێودەوڵەتییەکان دووپات کردەوە و ستایشی ڕۆڵی شانشینی یەکگرتووی کرد لە پشتگیریکردنی سەقامگیری ھەرێمی و پاڵپشتیکردنی ھەرێمی کوردستان لە پەرەپێدانی توانا ئەمنی و کارگێڕییەکانی.

لای خۆیەوە، خاتوو کووپەر، وێڕای پیرۆزبایی بۆ سەرکەوتنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، سوپاسی ڕۆڵی ھەرێمی کوردستانی کرد وەک ھاوبەشێکی ستراتیژی لە بەھێزکردنی ئاسایشی ھەرێمی و ئاماژەی بە بەردەوامی پابەندی ووڵاتەکەی کرد بۆ پشتیوانی و ھاوکاری لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و عێراق لەپێناو بەدیھێنانی سەقامگیری و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە مرۆییەکان لە ناوچەکەدا.

پرسی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گرینگی جێیەجێکردنی دەستووری عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکانی ووڵات، مەترسییەکانی داعش، دوایین پێشھاتەکانی دۆخی ئاڵۆزی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی ھاوبەش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.


ئەم بابەتە 106 جار خوێندراوەتەوە