سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و شاندێکی پەرلەمانی ئاڵمانیا کۆبوونەوە
پەیامی کورد ... سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و شاندێکی پەرلەمانی ئاڵمانیا کۆبوونەوە
ئێوارەی شەممە ٢٠٢٥/٢/١٥، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە بەردەوامی دیدار و کۆبوونەوەکانیدا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میوونشن، لەگەڵ شاندێکی پەرلەمانی ئاڵمانیا (بوندستاگ) بە سەرۆکایەتی یۆھان ڤادیپول، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پەرلەمانی حزبەکانی یەکیتی دیموکراتی مەسیحی (CDU) و یەکیتی کۆمەڵایەتی مەسیحی (CSU)، کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ھاوکاری و پشتگیری بەردەوامی سیاسی، ئەمنی، سەربازی و مرۆیی ئاڵمانیای بۆ ھەرێمی کوردستان کرد و تیشکی خستە سەر ڕۆڵی دیاری ئاڵمانیا لە دابینکردنی پێداویستی گرینگی سەربازی و لۆژیستی بۆ پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش دا، ھەروەھا سوپاسی پەرلەمانی ئاڵمانیای کرد بۆ درێژکردنەوەی ئەرکی ھێزە ئەڵمانییەکان لە ھەرێمی کوردستان.
لای خۆیانەوە، ئەندامانی شاندی پەرلەمانی، پابەندی ئاڵمانیایان بۆ بەردەوامی پشتگیری عێراق و ھەرێمی کوردستان دووپات کردەوە، ھەروەھا ئاماژەیان بە گرینگی بەردەوامی ھاوبەشی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییە ئەمنییەکان و بەھێزکردنی ھاوکاری لە کەرتە گرینگەکاندا کرد.
ئەم بابەتە 47 جار خوێندراوەتەوە