سەرۆکی CIA گواستنەوەی مووشەکەکانی ئێران بۆ ڕووسیا پشتڕاست نەکردەوە
پەیامی کورد ... سەرۆکی CIA گواستنەوەی مووشەکەکانی ئێران بۆ ڕووسیا پشتڕاست نەکردەوە
سەرۆکی دەزگای سی ئای ئەی ڕەتیکردەوە ئەو بانگەشەی میدیا ئەمریکییەکان پشتڕاست بکاتەوە سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەو مووشەکانەی ئێران ڕەوانەی ڕووسیا دەکەن یان نا.
"ویلیام بێرنز" سەرۆکی دەزگای سی ئای ئەی لێدوانی لەسەر ئەو بانگەشەیەی کە لە میدیاکانەوە کراوە کە ئێران مووشەکی بالیستیکی بۆ ڕووسیا ناردووە.
بێرنزی کە بۆ یەکەمین جار لەگەڵ ڕیچارد مۆر، سەرۆکی دەزگای نهێنی بەریتانیا بەشداری کۆبوونەوەی هاوبەشی کرد لە لەندەن، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، ئەگەر ئێران مووشەکی بالیستیکی بۆ ڕووسیا بنێرێت، ئەوە "بە شێوەیەکی بەرچاو سرووشتی هاوکارییە بەرگرییەکانیان چڕتر دەکاتەوە".
لە مێزی دەوری فاینانشیاڵ تایمز، بێرنز ڕەتیکردەوە پشتڕاستی بکاتەوە کە ئایا ئەگەر ئەم بانگەشەیە ڕاست بێت، ئەو مووشەکانەی کە بۆ ڕووسیا نێردراوە گەیشتوونەتە ڕووسیا یان نا.
پێشتر ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت ژۆرناڵ بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە بەرپرسانی ئەمریکا بە هاوتا ئەورووپییەکانیان ڕاگەیاندووە کە ئێران مووشەکی بالیستیکی کورت مەودای بۆ ڕووسیا ناردووە.
کۆشکی سپی بە ئاماژەدان بە بانگەشەی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت ژۆرناڵ ڕایگەیاندووە کە "گواستنەوەی مووشەک لە ئێرانەوە بۆ ڕووسیا ئاماژەیە بۆ هەڵکشانی گەورە لە پشتیوانییەکانی تاران بۆ مۆسکۆ".
هاوکات ڕۆژئاوا بە سەرۆکایەتی ئەمریکا ملیارەها دۆلار چەک و کەرەستەی سەربازی ڕەوانەی ئۆکرانیا کردووە.
نووسینگەی نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، لە ووڵامی پرسیاری سی ئێن ئێن سەبارەت بەو هەواڵانەی باس لە ناردنی مووشەکی بالیستیکی ئێران بۆ ڕووسیا دەکات، ڕایگەیاند: هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە ململانێی ئۆکراین نەگۆڕاوە.
لە ووڵامی ئەم پرسیارەدا، شاندی ئێران درێژەی دا: ئێران ناردنی یارمەتی سەربازی بۆ لایەنە ناکۆکییەکان کە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی خەسارەکانی مرۆیی و ژێرخانی، هەروەها دوورکەوتنەوە لە دانووستانەکانی ئاگربەست، بە نامرۆڤانە دەزانێت. بۆیە نەک هەر ئەوە ناکات، بەڵکوو بانگهێشتی ووڵاتانی دیکەش دەکات کە واز لە ناردنی چەک بۆ لایەنە تێوەگلاوەکانی ململانێیەکان بهێنن.
ئەم بابەتە 74056 جار خوێندراوەتەوە