سەرۆک بارزانی : دانیال میتران ڕۆڵێکی زۆر گەورەی بینی لە بەرگریکردن لە دۆزی گەلی کورد

پەیامی کورد   ...   سەرۆک بارزانی : دانیال میتران ڕۆڵێکی زۆر گەورەی بینی لە بەرگریکردن لە دۆزی گەلی کورد

سەرۆک بارزانی لە یادی ١٠٠ ساڵەی لە دایکبوونی دانیال میتران ڕایگەیاند: "خاتوو میتران ڕۆڵێکی زۆر گەورەی بینی لە بەرگریکردن لە دۆزی گەلی کورد و خۆمان بە قەرزاری دەزانین".

ئەمڕۆ سێشەممە، ١٢-١١-٢٠٢٤، لە ڕێوڕەسمێکدا لە شاری ھەولێر، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان یادی ١٠٠ ساڵەی لە دایکبوونی دانیال میتران، ھاوسەری فرانسوا میتران، سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا بەڕێوەچوو. 

دەقی قسەکانی سەرۆک بارزانی:

زۆر بەختەوەرم بەشداری لە ڕێوڕەسمی یادی ١٠٠ ساڵەی لە دایکبوونی خاتوو دانیال میتران دەکەم، ئەو خانمە مافێکی زۆری لەسەر ئێمەی خەڵکی کوردستان ھەیە، ڕۆڵیکی زۆر گەورەی بینی لە بەرگریکردنی لە دۆزی گەلی کورد، ھەرچی لە توانایدا بوو کردی و دڵنیام دەیویست زۆر زۆر زیاتر بۆ کورد بکات، بەڵام دیارە دەرفەت ھەر ئەوەندە ھەبوو.

یەکەمجار من لە تەمموزی ١٩٨٩ لە پاریس بە خزمەتی گەیشتم، ئەوە دوای پڕۆسەی ئەنفالی گەورە بوو کە ڕژێمی عێراق لە کوردستان ئەنجامیدا، چەند ڕۆژێکیش بوو لە تورکیا گەڕابووەوە، چوونکە ژمارەیەکی زۆری خەڵکی کوردستان و کەسوکاری پێشمەرگە کۆچیان کردبوو بۆ تورکیا، خاتوو دانیال لەو کاتەدا چووبوو سەردانی ئەو خەڵکەی کردبوو، کە من ویستم باسی ئێش و ئازاری خەڵکی کوردستان بکەم، بینیم زۆر ئاگادارە و پێویستی بە شەرح نییە، ئەو لە باسی ئەو خەڵکەدا فرمێسکی ھاتەخوار، بۆ من شتێکی تازە بوو، یەکەم جار بوو بینیم کەسێکی ئەورووپی فرمێسک بۆ کورد بڕێژێ، ئەوە زۆر کاریگەری لەسەر من کرد، دواتر لە ھەر بۆنەیەکی نێودەوڵەتی بووبێ، ھەوڵی داوە بەرگری لە مافی گەلی کوردستان بکات.

دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ یەکسەر ھاتە حاجی ئۆمەران و پێشوازیمان لێکرد و لە یەکەم خولی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ دیسان سەردانی کوردستانی کرد و ووتارێکی لە پەرلەمان پێشکەش کرد، خەریک بوو لەو سەفەرە گیان لە دەستبدات، چوونکە ڕژێمی عێراق لە نێوان سلێمانی و ھەڵەبجە ئۆتۆمبێلێکی مینڕێژکراوی بۆ دانا بەڵام خوا ڕزگاری کرد، بەڵام بەرنامەی خۆی تێک نەدا و چوو سەردانی ھەڵەبجەشی کرد.

لە ساڵی ١٩٩٣ کە خەڵاتی مافی مرۆڤی پێشکەشکرا، شانازیی ئەوەم ھەبوو ئەو خەڵاتە من پێشکەشی بکەم، تا ڕۆژی کۆچی دوایی، بۆ ئەو دۆزی گەلی کورد لە ئەولەویاتی بوو.

جارێک لە وەزیرێکی فەرەنسیم بیست، وتی سەرۆک میتران وتی مادام میتران ھیچ ھەوڵێکی بۆ من نەھێشتووەتەوە، ھەر بابەتێک دێتە پێش، ئەو دەڵێ دەبێ ئاوا بۆ کورد بکەن و کاری بۆ بکەن.

بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجوومەنی ئاسایش، لە ئاداری ١٩٩٢ پێم ووت ئێمە بەرەو ھەڵبژاردن دەچین، وتم چ پەیامێکی تۆ بگەینم، وتی بە خەڵکی کوردستان بڵێ دۆستێکی بەوەفاتان ھەیە لە ئەلێزێ.

من دەستخۆشی لەو بەڕێزانە دەکەم ئەم یادەیان ڕێک خستووە و ھەرچی بیکەین کەمە و ناتوانین مافی بدەین و بە پێزانینێکی زۆرەوە یادی دەکەین.


ئەم بابەتە 27 جار خوێندراوەتەوە