سەرۆک بارزانی سەردانی سەرۆککۆماری عێراقی کرد
پەیامی کورد ... سەرۆک بارزانی سەردانی سەرۆککۆماری عێراقی کرد
سەرۆک بارزانی لە بەغدا سەردانی سەرۆککۆماری عێراقی کرد و جەختیان لە پتەوکردنی کاری هاوبەش و هەماهەنگی نێوان لایەنەکان لەپێناو تێپەڕاندنی کۆسپ و ئاڵنگارییەکان کردەوە.
لە درێژەی سەردانەکەی بۆ بەغدا ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە (4ـی تەمموزی 2024) سەرۆک مەسعوود بارزانی سەردانی لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراقی فیدڕاڵ کرد.
بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە: لە دیدارەکەدا کە ژمارەیەکی زۆری سەرکردە سیاسییەکانی عێراق ئامادەی بوون، سەرۆککۆماری عێراق پێزانینی بۆ سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا هەبوو و بە گرینگ و کاریگەر وەسف کرد لە قووڵکردنەوەی دیالۆگێکی بۆنیاتنەر لەنێوان لایەنە سیاسییەکان و هیوای خواست دەرئەنجامەکانی ئەو سەردانە خزمەتی سەقامگیری و بەرژەوەندی عێراق بکات.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا باسی بارودۆخی گشتی عێراق و دواپێشهاتەکان کرا و جەخت لە پتەوکردنی کاری هاوبەش و هەماهەنگی نێوان لایەنەکان لەپێناو تێپەڕاندنی کۆسپ و ئاڵنگارییەکان و بەردەوامی ئەو کەشە ئەرێنیەی کە لە پڕۆسەی سیاسی عێراقدا هاتووەتە کایەوە.
ئەم بابەتە 24673 جار خوێندراوەتەوە