سەرۆک بارزانی لە بەغدا پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق كرد
پەیامی کورد ... سەرۆک بارزانی لە بەغدا پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق كرد
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، ٣ی تەممووزی ٢٠٢٤، لە شاری بەغدا سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازی لە خاتوو ئەلینا رۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی تیشکی خستەسەر هۆکارەکانی سەردانی بۆ بەغدا و ئاماژەی بەوەدا کە دوای ئەوەی هەست بەوە کرا کە نیازپاکی هەیە لە چارەسەرکردنی گرفتەکان و پابەندبوون بە دەستوور و درووستبوونی کەشێکی ئەرێنی لە بەغدا و هەروەها بۆ باسکردنی ئەو بابەتانەی کە ڕەهەندی نیشتیمانی هەیە سەردانی بەغدای کردووە.
پەیوەست بە مانەوەی هێزی هاوپەیمانان سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند کە ئەمە پرسێکی نیشتیمانییە و پەیوەست نیە بە لایەنێک و دەبێ سەقامگیری و بەرژەوەندییەکانی عێراق لەبەرچاو بگیرێت.
هەر لەو دیدارەدا باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق پشتیوانی ووڵاتەکەی بۆ سەردانەکەی سەرۆک بارزانی و باشتربوونی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا ڕاگەیاند و جەختی کردەوە هانی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ دەدەن بۆ بەرەوپێش بردنی پەیوەندییەکانیان و بەردەوامی و بەهێزکردنی دیالۆگی نێوانیان.
سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی هەرێمیش باڵیۆزی ئەمریکا پێشوازی لە دیاریکردنی کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانی کرد.
ئەم بابەتە 25015 جار خوێندراوەتەوە