سەرۆک بارزانی لە بەغدا پێشوازی لە باڵیۆزی چین لە عێراق کرد

پەیامی کورد   ...   سەرۆک بارزانی لە بەغدا پێشوازی لە باڵیۆزی چین لە عێراق کرد

پاشنیوەڕۆی چوارشەممە 3ی تەممووزی 2024، لە شاری بەغدا سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازی لە تێسۆی وی باڵیۆزی چین لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا تیشک خرایە سەر بارودۆخی سیاسی عێراق و سەرۆک بارزانی هۆکارەکانی سەردانەکەی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراقی خستەڕوو و ڕایگەیاند کە نیەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ دەبیندرێت و بە دەرفەتێکی باشی لەقەڵەم دا بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکان و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییە نیشتیمانیەکان.

هەر لەو دیدارەدا باڵیۆزی چین خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا نیشان دا و پشتیوانی ووڵاتەکەشی بۆ چارەسەربوونی گرفتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ڕاگەیاند. هەروەها خۆشحاڵی خۆشی بۆ دیاریکردنی کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان دەربڕی.

پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ووڵاتی چین لە بوارە جیاجیاکان تەوەری تری ئەو کۆبوونەوەیە بوو.


ئەم بابەتە 24995 جار خوێندراوەتەوە