سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کرد

پەیامی کورد    ...   سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کرد

رۆژی یەکشەممە 1ی کانوونی یەکەمی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازی لە ئەلینا ڕۆمانۆوسكی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا کە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق بەبۆنەی کۆتایی هاتنی ئەرکەکانی و بە مەبەستی ماڵئاوایی سەردانی سەرۆک بارزانی کردبوو، دووبارە پیرۆزبایی سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری ڕابردووی پەرلەمانی كوردستانی لە سەرۆك بارزانی كرد، و دەستنیشان کردنی رۆژی کۆبوونەوەی یەکەمی پەرلەمانی کوردستانی بە هەنگاوێکی گرینگ زانی و هیوای خواست کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەرئەنجامی ئەرێنی هەبێت و بە زوویی لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکبکەون. هەروەها باڵیۆزی ئەمریکا سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد کە هەمیشە پاڵپشت و هاوکاربووە لە کارەکانیدا، و دوایین سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا بە گرینگ وەسف کرد کە بووە هۆی زیاتر لێک نزیکبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان و باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕالی عێراق.

لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی سوپاسی باڵیۆزی ئەمریکای کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرک و کاری نوێیدا، ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق دا کە پێشەوەچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە و هیوای بەردەوامی و فراوانبوونی پەیوەندییەکانی هەردوولای خواست.

باروودخی سیاسی و دوایین پێشهات و ئاڵنگاری و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و مەترسییەکانی سەرهەڵدان و بەهێزبوونەوەی تیرۆر و رێکارەکان بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری عێراق و ناوچەکە بە گشتی تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.

جێگەی ئاماژەپێکردنە لەم دیدارەدا ستێڤ بیتنەر کونسووڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێریش ئامادە بوو.


ئەم بابەتە 115 جار خوێندراوەتەوە