سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد
پەیامی کورد ... سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد
دووشەممە 5ی ئابی 2024، لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازی لە ستیڤن هیتچن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.
لەو دیدارەدا باس لە دوایین پێشهات و گرژییەکانی ناوچەکە بەگشتی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی کرا، بیروڕا لە بارەی هەنگاوەکانی چارەسەر و هێورکردنەوەی دۆخەکە ئاڵوگۆڕ کرا. هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە ناوچەکە بەرگەی گرژی و ئاڵۆزی زیاتر ناگرێت و پێویستی بە سەقامگیری و ئاسایش هەیە.
پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و دەرئەنجامی دوایین سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا و دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق و باڵیۆز و نێردەی ووڵاتان لە عێراق تەوەرێکی دیکەی ئەم دیدارە بوون.
هەر لەم دیدارە دا بارودۆخی شنگال و پێویستی ئاسایی کردنەوەی دۆخی ناوچەکە و جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال خرانە بەر باس، لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی باسی لەو هەوڵ و قوربانیدانە کرد کە لە پێناو ئازادکردنی شنگال و شکاندنی تیرۆریستان دراون، کەچی بەداخەوە ئێستا چەند هێزێکی نایاسایی لەوێن کە ڕێگرن لە ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی خەڵکی ئەو ناوچانە بۆ سەر ماڵ و موڵکی خۆیان.
لە کۆتایی دیدارەکەدا باس لە دەرئەنجامی دوایین گفتوگۆکانی نێوان حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هێزەکانی هاوپەیمانان کرا لەمەڕ پرسی بوونیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
ئەم بابەتە 13287 جار خوێندراوەتەوە