سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی سویسڕا لە عێراق کرد
پەیامی کورد ... سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی سویسڕا لە عێراق کرد
ڕۆژی دووشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازی لە دانیێل هوون باڵیۆزی سویسڕا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی کردنەوەی باڵیۆزخانەی سویسڕا لە عێراق و دەستبەکاربوونی باڵیۆزی تازەی سویسڕا لە عێراق کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و ڕاشیگەیاند، گەلی کوردستان ڕێزی تایبەتی بۆ گەل و حکوومەتی سویسڕا هەیە. هەروەها سەرۆک بارزانی هیواشی خواست کە پیوەندییەکانی هەردوولا لە بوارە جیاجیاکان بەتایبەت ژێرخانی ئابووری و تەندرووستی فراوانتر ببێت.
هەر لەو دیدارەدا باڵیۆزی سویسڕا لە عێراق پێزانینی بۆ ڕۆڵی مێژوویی سەرۆک بارزانی لە پڕۆسەی سیاسی عێراق و کوردستان هەبوو، هەروەها پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کرد و خۆشحاڵی خۆشی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە کەشێکی ئارام و ئاشتیانە ڕاگەیاند و بە سەرکەوتنێکی گەورەی بۆ گەلی کوردستان و دیموکراسی لە قەڵەم دا. هەر پەیوەست بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سەرۆک بارزانی فەزڵی ئارامی و بەڕێوەچوونی سەرکەوتوانەی پڕۆسەکەی بۆ گەلی کوردستان گەڕاندەوە و کورتەیەکیشی لەبارەی هەنگاوە یاساییەکانی دوای پڕۆسەی هەڵبژاردن خستەڕوو.
بارودۆخی سیاسی عێراق و ناوچەکە و دوایین پێشهاتەکان لەسەر ئاستی ناوچەکە تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.
ئەم بابەتە 39 جار خوێندراوەتەوە