سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی هۆلەندا لە عێراق کرد

پەیامی کورد    ...   سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی هۆلەندا لە عێراق کرد

ڕۆژی دووشەممە 24ی حوزەیرانی 2024، لە سەلاحەددین سەرۆک مسعوود بارزانی پێشوازی لە هانس ساندی باڵیۆزی هۆلەندا لە عێراق کرد.

لەم دیدارەدا کە باڵیۆزی هۆلەندا کە بەبۆنەی کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی سەردانی سەرۆک بارزانی کردبوو، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو پەیوەندییانە دەربڕی کە لە نیوان هەرێمی کوردستان و هۆلەندا دا هەیە و سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد کە هەمیشە هاوکاربوونە بۆ بەردەوامی و پێشخستنی ئەو پەیوەندییانە لە هەموو بوارەکاندا، بە تایبەتی لە بواری ئابووری و کشتوکاڵ و وەبەرهێناندا. هەروەها بەردەوامی هاوکارییەکانی وڵاتەکەی لە ڕێگەی هاوپەیمانی نێودەولەتی بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دووپاتکردەوە.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی هەوڵەکانی باڵیۆزی هۆلەندای کرد لە ڕابردوودا و هیوای سەرکەوتنی لە کاری نوێیدا بۆ خواست، هەروەها سەرۆک بارزانی پەیوەندی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و هۆلەندای لە هەموو بوارەکاندا بەرز نرخاند. سەرۆک بارزانی رایگەیاند کە گەلی کوردستان دۆستەکانی خۆی لەبیرناکات و سوپاسی گەل و حکوومەتی هۆلەندای کرد کە لە کاتی تەنگانەدا دەرگایان بە ڕووی ئاوارەکانی کوردستاندا کردەوە، هەروەها تیشکی خستە سەر ڕۆلی هۆلەندا لە پاڵپشتی هێزەکانی پێشمەرگە لە کاتی شەڕی تیرۆرستانی داعش و چاکسازییەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە کە ڕۆلی بەرچاویان بینیووە.

بارودۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە بە گشتی و پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پارلەمانی کوردستان تەوەرێکی دیکەی ئەم دیدارە بوون.


ئەم بابەتە 28891 جار خوێندراوەتەوە