سەرۆک بارزانی پێشوازی لە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد
پەیامی کورد ... سەرۆک بارزانی پێشوازی لە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد
ڕۆژی چوارشەممە 15ی کانوونی دووەمی 2025 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازی لە خاتوو ڤیکتۆریا تەیلەر جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد.
لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و سووریا ئاڵوگۆڕ کرا. هەروەها جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەستخۆشی لە سەرۆک بارزانی کرد بۆ ناردنی نوێنەری تایبەتی خۆی بۆ سووریا و دیدار لەگەڵ لایەنە کوردییەکانی سووریا و جەختیشی لەوە کردەوە ئەمریکا پشتگیری هەموو هەوڵێک دەکات کە ببێتە هۆی لەیەک نزیکبوونەوەی لایەنە کوردییەکان و هەروەها بەدیهاتنی سەقامگیری لە سووریا و ناوچەکە.
لە بەشێکی تری ئەو کۆبوونەوەیە پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان تاوتوێ کرا.
هەر لەو دیدارەدا شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان بۆ دانووستاندنی نێوان لایەنەکان و خێرابوونی هەنگاونان بەرەو دامەزراندنی کابینەی تازەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.
هەڕەشەکانی دەرکەوتنەوەی تیرۆر و پێویستی پاراستنی سەقامگیری عێراق و ناوچەکە تەوەری تری ئەو دانیشتنە بوون.
ئەم بابەتە 97 جار خوێندراوەتەوە