سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسووڵی نوێی تورکیا لە هەولێر کرد
پەیامی کورد ... سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسووڵی نوێی تورکیا لە هەولێر کرد
ڕۆژی چوارشەممە 10ی تەممووزی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازی لە ئێرمان تۆپچوو کونسووڵی نوێی تورکیا لە هەولێر کرد.
لە دیدارەکەدا کونسووڵی نوێی تورکیا لە هەولێر سڵاو و ڕێزی وەزیری دەرەوەی تورکیای بە سەرۆک بارزانی گەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە ووڵاتەکەی خوازیاری ئەوەیە باشترین پەیوەندی لە بوار جۆراوجۆرەکاندا لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەبێت. لە بەشێکی تری ئەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا ئاڵۆگۆڕ کرا و کونسووڵی تورکیا ئەو سەردانەی بە مێژوویی و کاریگەر وەسف کرد.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی وێڕای باسکردنی هۆکارەکانی سەردانی حەفتەی ڕابردوو بۆ بەغدا ئەوەشی دووپات کردەوە کە لێک تێگەیشتن و دیالۆگ لە چوارچێوی دەستوور باشترین ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. هەروەها هیوای سەرکەوتنی بۆ کونسووڵی تازەی تورکیا خواست لە ئەرک و کارەکانیدا.
بارودۆخی سیاسی و دوا پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە تەوەری تری ئەو دیدارە بوو.
ئەم بابەتە 22184 جار خوێندراوەتەوە