سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسووڵی گشتی ئاڵمانیا لە شاری هەولێر کرد

پەیامی کورد   ...   سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسووڵی گشتی ئاڵمانیا لە شاری هەولێر کرد

ڕۆژی چوارشەممە 28ـی ئابی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازی لە کڵاوس شترایشەر کونسووڵی گشتی ئاڵمانیا لە هەولێر کرد کە بەبۆنەی کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی و بە مەبەستی ماڵئاواییکردن و هەروەها ناساندنی ئاڵبێرت فۆن ویتک وەک جێگرەوەی، سەردانی سەرۆک بارزانی کردبوو.

لە دیدارەکەدا کۆنسووڵی گشتی ئاڵمانیا لە هەولێر سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد کە لە ماوەی کارکردنی لە هەولێر هەردەم پشتیوانی بووە و پێزانینی بۆ میوانداری و هەماهەنگی دامەزراوەکانی هەرێم و خەڵکی کوردستان هەبوو. کونسووڵی ئاڵمانیا ئاماژەی بە گرینگی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ووڵاتەکەی دا کە دەبێ لە داهاتووشدا بە بایەخەوە بەردەوامیی هەبێت.

لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی وێڕای جەختکردنەوە لە بایەخی بەرەوپێشەوەچوونی هەماهەنگی و بەردەوامی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئاڵمانیا، سوپاسی ئەرک و ماندووبوونی کونسووڵی گشتی ئاڵمانیای کرد و هەروەها هیوای سەرکەوتنی بۆ کونسووڵی تازەی ئاڵمانیا لە هەولێر خواست.

هەر لەو دیدارەدا تیشک خرایە سەر هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری داهاتووی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆک بارزانی بەرچاوڕوونی پێویستی لەوبارەیەوە خستەڕوو و جەختیش لەوە کرایەوە کە پێویستە هەڵبژاردنێکی پاک و شەفاف و لە کەشێکی ئارام بەڕێوە بچێت.

هەڕەشەکانی تیرۆر لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە تەوەری تری ئەو دیدارە بوو.


ئەم بابەتە 92204 جار خوێندراوەتەوە