سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسووڵی گشتی میسر لە هەولێر کرد
پەیامی کورد ... سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسووڵی گشتی میسر لە هەولێر کرد
سێشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازی لە باڵیۆز مەحموود فاروق عامر کونسووڵی گشتی میسر لە هەولێر کرد.
لە دیدارەکەدا کونسووڵی گشتی میسر لە هەولێر پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لە سەرۆک بارزانی کرد و ڕایگەیاند، ڕێژەی بەرچاوی بەشداربوونی خەڵک و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کەشێکی ئارام و مەدەنیانە، دەستکەوتێکی گەورەیە و نیشانەی پێگەیشتوویی و پێگەی بەرزی هەرێمی کوردستانە لە عێراق و ناوچەکە. هەروەها ستایشی کولتوری پێکەوەژیان و ئاشتیخوازی گەلی کوردستانی کرد و ڕۆڵی مێژوویی سەرۆک بارزانیی لە پاراستنی ئەو کولتورە و قووڵتربوونی بەرز نرخاند.
هەر لەم دیدارەدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان گەلی کوردستان و گەلی میسر دا و ئەو پەیوەندییانەی بە مێژوویی و دۆستانە و کاریگەر وەسف کرد. هەروەها سەرۆک بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە مێژووی خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستان جەختی لە بەهێزکردنی فەرهەنگی پێکەوەژیان و ئاشتی کردەوە وەک تاکە ڕێگە بۆ کۆتایی هاتنی نەهامەتی و ئازارەکانی گەلانی ناوچەکە.
لە بەشێکی تری ئەم دیدارە ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسی عێراق و ناوچەکە و هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بە هەنگاوێکی گرینگ بۆ هەماهەنگی و چارەسەربوونی کێشەکان لەقەڵەم درا.
ئەم بابەتە 23 جار خوێندراوەتەوە