سەرۆک وەزیرانی بەنگلادش هەڵات، حکوومەتی کاتی پێک دێت
پەیامی کورد ... سەرۆک وەزیرانی بەنگلادش هەڵات، حکوومەتی کاتی پێک دێت
دوای بەردەوامی ناڕەزایەتییە خوێناوییەکان لە بەنگلادش، شێخ حەسینە، سەرۆکوەزیران دەستی لەکارکێشایەوە و بەرەو هیندووستان هەڵهات.
هەزاران خۆپیشاندەر هەڵیانکوتایە سەر کۆشکی سەرۆک وەزیران، ئەم وێنانە لە تەلەفزیۆنەکانیشەوە پەخش کران. شێخ حەسینە بە هەلیکۆپتەر بەنگلادشی بەجێ هێشت و بەرەو هیندووستان هەڵهات.
لە ووتارێکی تەلەفزیۆنیدا، واکەر ئەلزەمان، فەرماندەی سوپای بەنگلادش هەواڵی دەست لەکارکشانەوەی سەرۆکوەزیرانی بەنگلادشی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند کە حکوومەتێكی کاتی پێکدەهێندرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی هاوكار دەبێت، بەڵام پارتی عەوامی لیگ كە لە لایەن حەسینە سەرۆکایەتی دەكرا لەو دانیشتنانەدا بەشدار نابێت.
ئەم بابەتە 13248 جار خوێندراوەتەوە