سەرۆک وەزیرانی نوێی تایلەند ڕاگەێندرا
پەیامی کورد ... سەرۆک وەزیرانی نوێی تایلەند ڕاگەێندرا
پەرلەمانی تایلەند ئەم هەینییە دەنگ لەسەر ئەو کاندیدە دەدات کە پارتی دەسەڵاتدار بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کاندید دەکات.
دوای دوو ڕۆژ لە دەرکردنی سەرۆک وەزیرانی تایلەند، پارتی دەسەڵاتداری ئەم ووڵاتە پاونگتەرن شیناواترای تەمەن ٣٧ ساڵ وەک سەرۆک وەزیرانی نوێی ئەم ووڵاتە بۆ پەرلەمان کاندید کرد.
پەرلەمانی تایلەند ئەم هەینییە دەنگ لەسەر پۆستی سەرۆکوەزیرانی پاونگتەرن دەدات.
ئەگەر پەرلەمان پەسەندی بکات، پاونگتەرن دەبێتە سێیەم ئەندامی بنەماڵەی شیناواترا کە بە سەرۆکوەزیرانی تایلەند هەڵبژێردرێت؛ باوکی لە ساڵی ٢٠٠١ تا ٢٠٠٦ سەرۆکوەزیرانی تایلەند بووە و خاڵۆزاکەی لە ساڵی ٢٠١١ تا ٢٠١٤ بووە.
دادگای دەستووری تایلەند ڕۆژی چوارشەممە سێرتا تاڤیسین، سەرۆکوەزیرانی تایلەندی لە کارەکەی دوورخستەوە و ئاماژەی بەوەدا کە کاندیدکردن و دەستنیشانکردنی کاندیدێکی خاوەن پێشینەی تاوان بۆ پەیوەندیکردن بە کابینەی ئەو ووڵاتە، پێشێلکردنی دەستوورە.
دادوەرەکانی ئەم دادگایە بە پێنج دەنگی بەڵێ و چوار دەنگی نەخێر بڕیاری دەرکردنی تاڤیسینیان دەرکرد. ئەم بڕیارە لە ئەمڕۆوە (چوارشەممە ٢٤ی ئاب) کاری پێدەکرێت. ئەمەش زیاتر کەشوهەوای سیاسی لە تایلەند نائارام دەکات کە هەفتەیەک لەمەوبەر بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنەوە لەرزۆک بوو.
سێرتا لە کاتی دەستکاریکردنی کابینەی حکوومەتی تایلەند لە مانگی نیساندا، چۆنبان پیچیتی وەک "وەزیری نووسینگەی سەرۆکوەزیران" دەستنیشان کرد. بەپێی دەستووری تایلەند، وەزیرەکانی کابینە دەبێت "درووست" بن و بەپێی نۆرمەکانی ئەخلاقی ڕەفتار بکەن.
لە ساڵی ٢٠٠٨دا پیچیت بە تۆمەتی بێڕێزیکردن بە دادگا سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، دوای ئەوەی بەرتیلێکی ٥٥ هەزار دۆلاری پێشکەش بە دادوەرێک کرد لە دۆسیەیەکیدا کە پەیوەندی بە تاکسین شیناواترا، سەرۆکوەزیرانی پێشووی تایلەندەوە هەبوو.
بەپێی بڕیاری دادگای دەستووری تایلەند، تا پەسەندکردن و دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ لەلایەن پەرلەمانەوە، کابینەی ئەم ووڵاتە بەشێوەیەکی کاتی بەردەوام دەبێت لە کارەکانی.
ئەم بابەتە 11234 جار خوێندراوەتەوە