سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان پلانى سەندیکاكه‌یان بۆ ئه‌مساڵ ئاشكرا ده‌كه‌ن

پەیامی کورد    ...   سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان پلانى سەندیکاكه‌یان بۆ ئه‌مساڵ ئاشكرا ده‌كه‌ن

سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان بەیاننامەیەکی بەبۆنەى رۆژى پارێزەرانى کوردستان، کە لە رێکەوتى 3ی1ى هەموو ساڵێک یاد دەکرێتەوە، بڵاوکردەوە و تێیدا پیرۆزبایی لە تەواوی پارێزەران دەکات.

دەقی بەیاننامەکە:

بەبۆنەى رۆژى پارێزەرانى کوردستان، کە لە رێکەوتى (3-1)ى هەموو ساڵێک یاد دەکرێتەوە، بەناوى سەرۆک و ئەندامانى ئەنجوومەنى سەندیکاى پارێزەران پیرۆزبایی لە خۆمان و تەواوى پارێزەرانى خۆشەویست دەکەین.

سى و یەک ساڵ بەر لە ئێستا و لە 3-1-1993 پەرلەمانى کوردستان بەشێوەیەکى فەرمى، بڕیارى دانپێنانى بە دەستەى کاتى دامەزرێنەرانى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان کرد، کە (10) پارێزەرى کوردستان، کە بەڕێز سەرۆکى ئێستاى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، یەکێک بوو لەوان، وەکوو ئەرکێکى نیشتمانی و کوردستانی و پیشەیی یانە، سەندیکاى پارێزەرانى کوردستانیان دامەزراند.

پارێزەران گرینگترین توێژى کۆمەڵگان و سەرمەشقى پێشکەوتنى سەقامگیرى، سەروەری و جێبەجێکردنى یاسان لە هەر جڤاکێک.

پارێزەران کە ئەندامى خێزانى دادوەریین و بە دادوەرى وەستاو دەناسرێن، تەواوکەری سیستەمى دادوەریین و پێکەوە لەگەڵ ئەندامانى دادوەرى دانیشتوو و ئەندامانى داواکارى گشتی ، لەپێناو تۆکمەکردنى سیستەمەکە و راپەڕاندنى کارى دادوەریی و بەرپاکردنى دادپەرروەرى کار دەکەن.

لەهەر ووڵاتێک و ناوچەیەکى ئەو جیهانە، پارێزەران کەشێکى یاسایی و درووستیان بۆ بڕەخسێت و ڕاوێژى یاسایی پێویستیان لێ وەربگیرێت و لە بۆتەقەى یاسا کاروبارى هاووڵاتییان ڕابپەڕێنن، دام و دەزگاى فەرمی و کەرتى تایبەت پێش دەکەوێت و خۆشگوزەرانى پەرە دەسێنێت.

پێویستە پارێزەران تەواو ئازاد بن لە بریکارییەتى مافى بەرگریکردن لە هاووڵاتییان، تا ئەو پرەنسیپ و مافە جێگیرتر و چەسپاوتر و رێزلێگیراو تر بکرێت، دیموکراسی و ئازادى پتر لە ووڵات پێش دەکەون.

لەهەر کونجێکى ئەو زەمینە، پارێزەران بەهێز بن و پێگەى یاسایی و کۆمەڵایەتی تەواوى خۆیان پێ بدرێت، سیستەمى بەڕێوەبردن و سیاسیى ئەو شوێنە، جێگاى متمانەى زیاتر دەبێت.

سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، هەموو هەوڵ و تەقەڵایەکى بۆ ئەوەیە پارێزەران لە چوارچێوەى یاساى پارێزەرایەتی و یاسا بەرکارەکانى کوردستان و عێراق و پێوەر و پرنسیپە نێودەوڵەتییەکان رێک بخات و پێگەى ئەندامانى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، کە پارێزەرانى ئازیزن، بەرزتر و گەورەتر بکات.

سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، کە بەپێى یاسا دامەزراوە و بەپێى یاساش کار دەکات، پەیوەندییەکانى لەگەڵ دەسەڵاتەکانى تەشریعی و جێبەجێکردن و دادوەری لە هەرێمى کوردستان لەسەر بنچینەى رێزگرتن لە یاسا و پارێزەران و جێبەجێکردنى یاسایە. هەمیشە داواکاریمان ئەوە بووە و دەبێت، کە پێویستە لەو چوارچێوەیە لە پێگەى پارێزەران بڕوانن. هەرچەندە لێرە و لەوێش کەمتەرخەمی و کەموکوڕیش هەبووە، بەڵام سەندیکا بەردەوام لە هەوڵ و هەماهەنگى دا بووە و دەبێت لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و هەموو رێگا پیشەیی و یاساییەکان بۆ چارەسەرکردنى کێشەى پارێزەران دەگرێتە بەر.

سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، کە بە تەواوی پشت بە داهاتەکانى خۆى دەبەستێت، کە بە سیستەمێکى ژمێریاری تۆکمەى ووردبینی کراو لەلایەن چاودێری دارایى هەرێم، بەڕێوەدەچێت و سیستەمێکى خانەنشینى سەربەخۆى هەیە و مافى پارێزەران بە تەواوى دەستەبەرە لەڕووى خانەنشینیەوە.

لەماوەى ساڵى رابردوو دەستکرا بە پرۆسەى بایۆمەتری پارێزەران، کە لە پێناو بەرژەوەندی پارێزەرانى راستەقینە بوو و لیستى پارێزەران بە تەواوى پاککرایەوە و ئەمەش بە هەماهەنگى لەگەڵ ئەنجوومەنى وەزیران و فەرمانگەى تەکنۆلۆژیاى زانیارى بوو، کە جێگاى خۆیەتى دەستخۆشیان لێ بکەین.

پارێزەران ئەمساڵ، دەبنە خاوەنى باڵەخانەیەکى شیاو بە پێگەى خۆیان و کاروبارەکانیان ئەمساڵ لەو باڵەخانەیە جێبەجێ دەبێت و پلانى سەندیکا ئەوەیە کە لەماوەى داهاتوو کاروبارەکان لە پڕۆژەیەکى تەکنۆلۆژیایی تۆکمە، بە ئەلیکترۆنى بکرێت.

هەروەها بەمەبەستى بەرزکردنەوەى ئاستى رۆشنبیری و یاسایی و پیشەیى پارێزەران، پلانى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان ئەوەیە کە پەیمانگاى پارێزەرایەتی بکرێتەوە، کە بەشێکى باڵەخانەکەى سەندیکا بۆ ئەو پەیمانگایە تەرخان کراوە و پێداویستییەکانیشى دابین کراون.

وەک ئەنجوومەنى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، دووبارە پابەندبوونى خۆمان بە ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پارێزەران دەکەینەوە، هەروەک لەماوەى پێشووتر ئەنجاممان داوە و ئامادەى گشت هاوکاری و هەماهەنگییەکین لەگەڵ لیژنەى سەرپەرشتی و لایەنەکانى پەیوەندیدار بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن.

وەک ئەرکێکى یاسایی و پاڵپشتیمان بۆ فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانیش داواکارین کەوا حکوومەتى فیدڕاڵ ئەرکە دەستووری و داراییەکانى بەرانبەر حکوومەتى هەرێمى کوردستان و فەرمانبەران جێبەجێ بکات و لەژێر هیچ بیانوو و پاساوێک ئەو بابەتە وەک چەکێکى سیاسى بەکار نەهێندرێت. پێویستیشە تا زووە کابینەى نوێى حکوومەتى هەرێمى کوردستان پێک بهێنرێت و بە تەبایی و یەکگرتوویى مامەڵە لەگەڵ حکوومەتى عێراق و لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بکرێت، بۆ ئەوەى کورد و هەرێمى کوردستان لەو گۆڕانکارییە گەورانەى کە ناوچەکە بەخۆیەوە دەبینێت، بەهێزەوە دەربکەوێت.

دووبارە پیرۆزبایی ئەو رۆژە (3-1) لە هەموو پارێزەرانى خۆشەویست دەکەین، هیوادارین پێکەوە هەموومان پارێزگارى لە بەرزى پیشەى پیرۆزى پارێزەرایەتی بکەین و دەست لەناو دەست، پارێزەران لە پێگە و مەنزڵگاى گەورە ببینین.

 

هەر سەرکەوتوو و سەرفراز بن

سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان


ئەم بابەتە 84 جار خوێندراوەتەوە