شاندی حکوومەتی فیدراڵ و هەرێم لەسەر چەند خاڵێک لەبواری باج ڕێکەوتن
پەیامی کورد ... شاندی حکوومەتی فیدراڵ و هەرێم لەسەر چەند خاڵێک لەبواری باج ڕێکەوتن
دوای سەردانی لیژنەی باڵای ڕێکخستنەوەی باج لە حکوومەتی فیدراڵی بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبونەوەیان لەگەڵ وەزیری دارایی و دکتۆر کەمال تەیب بەڕێوبەری گشتی باج و خانوبەرەی میری و بەختیار حاجی بەڕێوبەری گشتی کاروباری پەیوەندییەکان و بەدواداچوون لە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە بەغداد لەسەر چەند خاڵێک لەبواری باج گەیشتنە ڕێکەوتن کەدەبێتە کارئاسانی بۆ ئەو کارگەو کۆمپانیاو بانکانەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق کاردەکەن لە گرینگترینیان.
١- داننان بەپاکانەی باجی هەرێم لەلایەن حکوومەتی فێدڕاڵیەوە کەپێشتر هیچ بایەخێکیان بۆ دانەدەنا.
٢- چارەسەرکردنی کێشەی کارگەکانی کوردستان ، کە پێشتر داوای باجیان لێ دەکردن بەبیانوی ئەوەی بەرهەمەکانیان لەناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق ساغ دەکەنەوە، بۆ لەمەودوا ئەو کارگانەی لەکوردستانن دەبێت باجی داهاتەکانیشیان لەکوردستان بدەن.
٣- چارەسەرکردنی کێشەی پێدانی سووتەمەنی بۆ کارگەکانی هەرێمی کوردستان بەنرخی هاندراو کە ماوەیەکە پێدانی سووتەمەنیان بەو کارگانە ڕاگرتووە بەبیانووی نەدانی باج بەحکوومەتی فیدراڵی.
٤- ڕێکەوتن لەسەر یەکخستنی ڕێکارو ڕێوشوێنەکانی وەرگرتنی باج کرا بە میکانیزمی هاوبەش.
٥- هەردوولا لەسەر بانکەکان ڕێکەوتن کە بارەگای سەرەکی بانکەکە بکرێتە بنەما بۆ وەرگرتنی باج.
٦- هەر دوولا ڕێکەوتن لەسەر هەماهەنگی پێویست و گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو بۆ ڕێگری کردن لە خۆدزینەوە لەباج.
ئەم بابەتە 18620 جار خوێندراوەتەوە