شاندی دانووستانكاری حكوومەتی هەرێم لەگەڵ نێردە نێودەوڵەتییەكان لە هەرێمی كوردستان کۆبووەوە
پەیامی کورد ... شاندی دانووستانكاری حكوومەتی هەرێم لەگەڵ نێردە نێودەوڵەتییەكان لە هەرێمی كوردستان کۆبووەوە
پێنجشەممە، 16ی کانوونی دووەمی 2025، شاندی دانووستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، لەگەڵ نیردە نێودەوڵەتییەکان لە بارەی پرسی بوودجە و هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
پێشەوا هەورامانی، ووتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند: "ئێمە لە سەرەتای ئەو کێشەیەوە لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ ڕامانگەیاندووە هیچ شتێکی شاراوەمان نییە، لە بابەتی دارایی و نەوت و ئەو پرسانەی کە لە نێوان ئێمە و حکوومەتی فیدڕاڵ هەیە؛ بۆیە شاندی دانووستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ووردەکارییان خستە ڕوو بۆ نوێنەری ووڵاتان لەبارەی ئەوەی چی دەگوزەرێت لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ، باسمان لە کێشەی مووچە کردووە و بە داتا بۆیان خراوەتە ڕوو، جەخت لەوە کرایەوە کە ئەو کێشەیە ئەمساڵ دەبێت کۆتایی پێ بێت و نابێت وەکوو ساڵانی تر درێژە بکێشێت و بەردەوام بێت. لە بەرانبەردا هەرێمی کوردستان هەڵوێستی خۆی هەیە ئەگەر بێت؛ ئەو بابەتە درێژە بکێشێت."
ووتیشی: "وەزیری دارایی، وەزیری سامانە سرووشتییەکان و سەرۆکی دیوان، ووردەکارییان خستە ڕوو لەسەر ئەوەی کە هەموو سەردان و کۆبوونەوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ چ شتێك قسەی لەسەر کراوە و ڕوویداوە و کێشەکان لە کوێدان، ئامادەیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیشان درا بۆ ئەوەی ئێستاش درەنگ نییە کێشەکان چارەسەر بکرێن".
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، دەربارەی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند: "بە داخەوە کە لە ساڵانی 2023-2024، کە یاسای بوودجە لە پەرلەمانی عێڕاق پەسەند کرا بۆ ماوەی سێ ساڵ بەپێی ڕێککەوتن و ئەو دانووستانانەی لەنێوان هەولێر و بەغدا هەبوو، دەبوایە شایستە داراییەکانی هەرێم وەک خۆی بگات بە تایبەتی مووچەی مووچەخۆران، جگە لەوەش کۆمەڵێک کێشەی تریش هەیە و ئەو بڕەپارەیەی هەرێم وەری گرتووە تەواوکەری مووچەش نەبووە، ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانیش وای کردووە کە زیانی زیاتر لە 22 ملیار دۆلار لە بوودجەی گشتی عێڕاق و هەرێمی کوردستان بدات."
ووتیشی "ژمارەیەکی زۆر لە سەردان و دانووستاندنی نێوان هەولێر و بەغدا ئەنجام دراون، بەڵام بەداخەوە هەرکاتێك ڕێککەوتنێک هەبێت وەکوو خۆی جێبەجێ ناکرێت، ئەو بەڵێنانەی دراون زۆر جاریش ئەو ڕاپۆرتانەی لە بەغداوە دەردەچن بە شێوازێک چەواشەکاری دەکرێت بۆ ڕای گشتی عێراق و هەرێمی کوردستان؛ ئەوەی زیاتر جێگەی نیگەرانییە هەندێک لەو ئەندامانەی کە نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان دەکەن لە پەرلەمانی فیدراڵی، ئەوانیش بە هەمان زمانی ئامارەکانی بەغدا قسە دەکەن، بۆیە بە پێویستمان زانی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نێردە دیپلۆماسییەکان، لە هەرێمی کوردستان ئەو دانیشتنە ئەنجام بدەین".
لە کۆتایی قسەکانیشی دا ووتی: "دوو ساڵی ڕابردوومان زۆر بە ئەستەم بەڕێ کرد و نامانەوێت ساڵی 2025 خەڵکی کوردستان دووبارە لە دڵەڕاوکێدا بن".
ئەم بابەتە 62 جار خوێندراوەتەوە