شای ئوردن : هەڵوێستی بەردەوامی ئێمە ئەوەیە کە غەززە ئاوەدان بکەینەوە بەبێ ئەوەی فەلەستینییەکان ئاوارە بکەین دوای کۆبوونەوە لەگەڵ ترامپ
پەیامی کورد ... شای ئوردن : هەڵوێستی بەردەوامی ئێمە ئەوەیە کە غەززە ئاوەدان بکەینەوە بەبێ ئەوەی فەلەستینییەکان ئاوارە بکەین دوای کۆبوونەوە لەگەڵ ترامپ
دۆناڵد ترامپ لە میانی دیدارێکی لەگەڵ شا عەبدۆڵڵا لە کۆشکی سپی دووپاتی کردەوە کە ئەمریکا کۆنتڕۆڵی کەرتی غەززە دەکات و پاشای ئوردنیش بڕیارەکەی لەبارەی وەرگرتنی فەلەستینییەکان لە غەززە دواخست تا ئەو کاتەی ڕای میسر ڕادەگەێندرێت و ڕاوێژ لەگەڵ سەعوودیە ئەنجام دەدرێت.
سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە لە کۆشکی سپی لەگەڵ شا عەبدۆڵڵای ئوردن کۆبووەوە. ئەمە یەکەم کۆبوونەوەیان بوو دوای ئەوەی ترامپ پێشنیاری دەست بەسەرداگرتنی غەززە و گواستنەوەی دوو ملیۆن فەلەستینی دانیشتووی ناوچەکە بۆ ووڵاتانی دیکەی ناوچەکە لەوان ئوردن ڕاگەیاند.
ترامپ لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا هەڕەشەی بڕینی هاوکارییە داراییەکانی ئوردن و میسری کرد ئەگەر ڕەت بکەنەوە فەلەستینیەکان لە غەززە وەربگرن.
ئوردن کە هاوپەیمانێکی سەرەکی ئەمریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێشتر ئەو پێشنیارەی ڕەتکردبووەوە. دوای کۆبوونەوەکە شا عەبدۆڵڵا جەختی لەوە کردەوە: هەڵوێستی بەردەوامی ئوردن دژایەتیکردنی ئاوارەبوونی فەلەستینییەکانە.
بەڵام ترامپ لە ئۆفیسەکەیدا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە شا عەبدۆڵڵا لە تەنیشتی دانیشتووە، کە هێشتا پێداگری لەسەر بیرۆکەکە دەکات؛ پلانێک کە دوای ڕاگەیاندنی هەفتەی ڕابردوو ڕووبەڕووی ئیدانەکردنی بەرفراوانی جیهانی بووەوە.
سەبارەت بە کەرتی غەززە ووتی : داگیری دەکەین، دەستی دەگرین و ئاگاداری دەبین. ترامپ هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد کە جێبەجێکردنی ئەم پلانە "هەلی کارێکی زۆر" لە ناوچەکەدا دروست دەکات و ئاماژەی بەوەش کرد: پێموایە غەززە دەتوانێت ببێتە ئەڵماس.
شا عەبدۆڵڵا لە کاتی ووتارەکەی ترامپ دا بێدەنگ بوو. ئەم پێشنیازە نەک هەر پێشێلکردنی دەیان ساڵەی سیاسەتی فەرمی ئەمریکایە، بەڵکو دەکرێت لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە بە پێشێلکارییەکی ڕوونی مافەکانی مرۆڤ هەژمار بکرێت؛ چوونکە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان گواستنەوەی دانیشتووان بە زۆر قەدەغەیە.
ئوردن تا ئێستا ئەو بیرۆکەیەی وەک پێشێلکارییەکی بنەڕەتی یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕەتکردووەتەوە، بەڵام بە شێوەیەکی تایبەت نیگەرانی خۆی لە توانای وەرگرتنی ژمارەیەکی زۆر لە فەلەستینیەکانی دەربڕیوە.
سەبارەت بە ئەگەری قبووڵ کردنی زیاتری فەلەستینیەکان، شا عەبدۆڵڵا ووتی دەبێت چارەسەرێک بدۆزرێتەوە کە "باشترین بژاردە بۆ هەمووان". هەروەها ڕایگەیاند کە ئوردن ئامادەیە دوو هەزار منداڵی نەخۆشی فەلەستینی وەربگرێت.
بەڵام ترامپ هەڵوێستی خۆی نەگۆڕی و جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە کە ئوردن و میسر دەبێ ڕۆڵی خۆیان لە نیشتەجێکردنی فەلەستینییەکان بگێڕن. ناوبراو لەو بارەیەوە ووتی: باوەڕم وایە کە پارچە زەوییەکمان لە ئوردن و پارچە زەوییەکمان لە میسر دەبێت. "ڕەنگە شوێنێکی دیکەمان هەبێت، بەڵام پێموایە کاتێک دانووستانەکانمان تەواو دەبێت، شوێنێکمان دەبێت کە ئەوان [فەلەستینییەکان] بتوانن لە ئاسایش و بەختەوەریدا بژین."
دوای کۆبوونەوەکە، شا عەبدۆڵڵا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیال میدیای ئێکس نووسیویەتی گفتوگۆکانی لەگەڵ ترامپ "بونیاتنەرە" و "یەکەم کاری لە پێشینەی ئەو پاراستنی سەقامگیری ئوردن و دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانی گەلەکەیە".
ئەم بابەتە 57 جار خوێندراوەتەوە