شرۆڤەکارێکی سیاسی : دەنگدەران ئەرکی پارتییان قورستر کرد

پەیامی کورد   ...   شرۆڤەکارێکی سیاسی : دەنگدەران ئەرکی پارتییان قورستر کرد

شرۆڤەکارێکی سیاسی پێی وایە، بانگەشەی پارتی لەم ھەڵبژاردنە کاریگەری لەسەر زیادکردنی دەنگی پارتی ھەبوو، دەشڵێ: خەڵک متمانەی بە پارتی داوە و ئەرکی پارتی زیاتر قورس کردووە.

عیرفان عەزیز، شرۆڤەکاری سیاسی، لە لێدوانێکی دا ڕایگەیاند: شێوازی بانگەشەی پارتی لە ھەڵبژاردنی ئەمجارە کاریگەری لەسەر زیادبوونی دەنگەکانی پارتی ھەبوو، چوونکە شێوازێکی جیاوازبوو، لە ھەر بازنەیەک پارتی بە جۆرێک کەمپینی مۆدێرنی بەڕێوەبرد، بۆ یەکەم جارە لە عێراق و ھەرێمی کوردستان بانگەشەی بەو شێوەیە بکرێت لەلایەن لیست و پارتی سیاسییەوە.

پارتی بە لیستی ١٩٠ بەشداری لە ھەڵبژاردنی ڕۆژی ٢٠ی ئۆکتۆبەری پەرلەمانی کوردستان کرد و توانی بە جیاوازییەکی زۆر لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی ڕکابەری ببێتە یەکەمی سەر ئاستی ھەرێمی کوردستان.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە پێی وایە: بەدەستھێنانی زیاتر لە ٨٠٠ ھەزار دەنگ لەلایەن لیستی پارتییەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی پارتی لەو چوارچێوەیە دەرچووە ھیچ لایەنێک بتوانێت ڕکابەری بکات، لەبەر ئەوەی جیاوازییەکە زۆرە و ھیچ لایەنێک دەنگی نزیک نییە لە دەنگی پارتی تا ڕکابەری بکات.

عەزیز دەڵێت: سەرکەوتنی پارتی لە بانگەشەدا بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێتەوە، جگە لەوەی بانگەشەیەکی لەسەرخۆ و سەردەمیانەی بەڕێوەبرد، پڕۆژەشی ڕاگەیاند، پەیام و دروشمەکانی پارتی زیاتر نیشتمانی بوون، ئەوەیش وایکرد کاریگەری لەسەر خەڵکی نیشتمانپەروەر و گۆڕینی ئاراستەی دەنگدەر بۆ لیستەکەی ھەبێت، ھەروەھا کۆتا وتاری سەرۆک بارزانی لە ڕۆژی ١٥ی ئۆکتۆبەر ئەویش کاریگەری لەسەر بانگەشەی پارتی کرد، چونکە سەرۆک بارزانی زیاتر وەک کەسێکی نیشتمانپەروەر و نەتەوەیی وتارەکەی پێشکەش بە جەماوەری کوردستان کرد، وەک خاوەنی میللەت نەک وەک سەرۆک حزبێک.

لە کۆتایی لێدوانەکەی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، عیرفان عەزیز دەڵێت: پارتی سەرکەوتنێکی بەرچاوی تۆمار کرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەرکی پارتی زیاتر قورس بوو، ئەگەر پێشتر پارتی ٥٠٠ ھەزار دەنگی ھەبووە ئێستا زیاتر لە ٨٠٠ ھەزار دەنگدەری ھەیە و دەنگدەر دڵسۆزی خۆی بۆ پارتی پێشان دا، پێم وایە پێویستە پارتیش پاداشتی دڵسۆزی دەنگدەران بداتەوە، ئەویش بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و جێبەجێکردنی کارنامەی لیستەکەی. 


ئەم بابەتە 4194 جار خوێندراوەتەوە