شوڵتز : پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەی پەناخوازان چڕتر دەبێتەوە
پەیامی کورد ... شوڵتز : پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەی پەناخوازان چڕتر دەبێتەوە
ئۆلاف شوڵتز، ڕاوێژکاری باڵای ئاڵمانیا ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، یاساکانی هەڵگرتنی چەقۆ و دیپۆرتکردنەوەی پەناخوازە ڕەتکراوەکان تووندتر دەکەنەوە، لەکاتێکدا سەردانی شوێنی هێرشەکەی کردووە کە تێیدا هاووڵاتییەکی سووری بە کوشتنی سێ کەس تۆمەتبار کراوە.
ئەو گەنجە سوورییە تەمەن 26 ساڵە و لە میدیاکانی ئاڵمانیا بە عیسا عەلەح ناسراوە، شەوی هەینی بە تۆمەتی کوشتنی سێ کەس و بریندارکردنی چەند کەسێکی دیکە لە فێستیڤاڵێکدا لە شاری سۆلینگەنی ڕۆژئاوای ئاڵمانیا دەستگیرکرا. گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی بەرپرسیارییەتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت، بەڵام تا ئێستا دەسەڵاتدارانی ئاڵمانیا نەیانتوانیوە ڕەسەنایەتی ئەو بانگەشە پشتڕاست بکەنەوە.
بەگوێرەی میدیاکانی ئاڵمانیا، ئەو گەنجە داوای مافی پەنابەری لەلایەن حکوومەتی ئاڵمانیاوە ڕەتکراوەتەوە و بڕیاربوو ساڵی ڕابردوو دیپۆرت بکرێتەوە بۆ بولگاریا، ئەو ووڵاتەی کە بۆ یەکەم جار چووەتە ناو یەکیتی ئەورووپا. بەڵام بەهۆی دیارنەمانی بۆ ماوەیەک ئەم پرۆسەیە دواکەوت.
ئەم ڕووداوە جارێکی دیکە گفتوگۆ و ڕەخنەی لەبارەی سیاسەتی کۆچبەری و دیپۆرتکردنەوە لە ئاڵمانیا ورووژاندووە.
لە بەرامبەر ئەم هێرشەدا شوڵتز ووتی: پێویستە هەموو هەوڵێک بدەین بۆ ئەوەی ڕووداوی لەم شێوەیە لە ووڵاتەکەماندا ڕوونەدات. یاساکانی تایبەت بە هەڵگرتنی چەقۆ تووندتر بکرێنەوە و بە زووترین کات ئەمە بکرێت”.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمساڵ ژمارەی دەرکردنەکان بەڕێژەی لەسەدا ٣٠ زیادیکردووە، بەڵام "بە ووردی لێکۆڵینەوە دەکەین کە چۆن دەتوانین ئەم ڕەوتە زیاتر بەهێز بکەین".
شوڵتز هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ڕێوشوێنەکان، لەوانەش پشکنینی سنوورەکان لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاڵمانیا، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە بە شێوەیەکی ناڕێک دەچنە ناو ووڵاتەکەیەوە کەم کردووەتەوە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە هێشتا بوار بۆ باشترکردن هەیە.
هێرشەکەی سۆلینگن پێش هەڵبژاردنەکانی ئەم هەفتەیەی ویلایەتی لە دوو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ساکسۆن و تورینگیا دێت.
پێشتر لە مانگی ئایاردا، دوای هێرشێکی چەقۆ لەلایەن کۆچبەرێکی ئەفغانی لە شاری مانهایم کە بووە هۆی کوژرانی ئەفسەرێکی پۆلیس و برینداربوونی چوار کەسی دیکە، شوڵتز ڕایگەیاند کە ئاڵمانیا دەست بە دیپۆرتکردنەوەی "تاوانباران" دەکات.
ئەم بابەتە 91276 جار خوێندراوەتەوە