شیفا بارزانی : گەلی کورد گەلێکی وەفادارە بەرامبەر دۆستەکانی و دۆستانمان زۆرن
پەیامی کورد ... شیفا بارزانی : گەلی کورد گەلێکی وەفادارە بەرامبەر دۆستەکانی و دۆستانمان زۆرن
بەمەبەستی ئاشنابوون لەگەڵ دۆستانی کورد له ووڵاتی نۆرڤێژ، لەژێر چاودێری شیفا بارزانی سەرپەرشتیاری ڕەوەندی کوردستانی له دیازپۆڕا، لە شاری ئۆسلۆی پایتەخت گاڵەیەک بەڕێوەچوو کە تیایدا چەندین کەسایەتی سیاسی و ئەکادیمی و ڕۆژنامەنووسانی دۆستی کورد بەشدارییان تێدا کرد.
سەرەتا شیفا بارزانی لەسەر چۆنیەتی گرینگیدانی بە دۆستانی کورد ئاماژەی بەوەدا کەوا ئەرکە لەسەر شانیان بایەخ و گرینگی بەو کەسانه بدەن کەوا دۆستن و تێدەکۆشن بۆ ئەوەی پرسی کورد زیاتر له نێوەندەکان دا بناسرێت.
هەروەها گووتی: ئەگەر جاران بمان ووتبایە تەنیا چیاکان دۆستمان بوون، بەڵام ئێستاکه دەبینین کەوا دۆستەکانمان زۆرن که ئێوەی ئامادەبوو جێگای شانازیمانن.
هەر لە گاڵەكەدا چەندین ووتاری دیکە لەلایەن بەشداربووانەوە بەتایبەتی کەسایەتییە نۆرڤێژییەکان پێشکەشکران، لە ووتارەکانیاندا پاڵپشتی و پشتیگری خۆیان بۆ دۆستایەتی کورد و کوردستان دووپاتکردەوە و جەختیان لەبەردەوامی ئەم پاڵپشتییە کردەوە.
دواتر بۆ ڕێزلێنانیان بەرامبەر ئەو کاروچالاکییانەی کە ئەنجامیان داوە لە بوارە جیاجیاکاندا، لەلایەن سەرپەرشتیاری ڕەوەندی کوردستانی چەندین کەسایەتی نەرویجی بۆ ئەم مەبەستە خەڵات کران و هیوای خواست زیاتر گرینگی به پرسی کورد بدەن، هەروەها لەوەش دڵنیای کردنەوە کەوا گەلی کورد گەلێکی وەفادارە بەرامبەر دۆستەکانی و هەرگیز لە یادیان ناکات.
هەرلەم چوارچێوەیەدا چەندین سترانی کولتووری ڕەسەنی کوردی لە شێوەی ئۆپێڕا لەلایەن خانمه هونەرمەند پەروین چاکار پێشکەش کرا، هەروەها چەندین پارچە هۆزان و شیعر بۆ میوانانی بەشدار پێشکەشکران.
ئەم بابەتە 90378 جار خوێندراوەتەوە