شێروان حەیدەری ھۆکاری زیادبوونی دەنگەکانی پارتی دەخاتە ڕوو

پەیامی کورد   ...   شێروان حەیدەری ھۆکاری زیادبوونی دەنگەکانی پارتی دەخاتە ڕوو

وەزیری پێشووی دادی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، خەڵکی ھەرێمی کوردستان ھۆشیارە و دەزانێت کێ خزمەتی دەکات و بەرگری لە مافەکانی دەکات، بۆیە لەم ھەڵبژاردنە دەنگی بە پارتی دیموکراتی کوردستان دا، دڵنیام ھەڵبژاردن دوای ھەڵبژاردن دەنگی پارتی زیاد دەکات.

شێروان حەیدەری، وەزیری پێشووی دادی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەدەستی ھێناوە، سەلماندی پارتی دیموکراتی کوردستان، نەک ھەر دەنگدەرێکی نەگۆڕی ھەیە، بگرە ھەڵبژاردن دوای ھەڵبژاردن دەنگی زیاد دەکات، ئەوە یەکەم جارە پارتی  دەنگی دەگاتە ئەو ڕێژەیە، ئەوەش دووپاتکردنەوەی دەنگدەرانی پارتی بەتایبەت و خەڵکی کوردستان بەگشتییە لە داننان بەشەرعیەتی دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستان، ئەو ھۆشیارییەی خەڵکی ھەرێمی کوردستان جێگەی ڕێزە، دەنگیان بەو لایەنە داوە کە بەرگری لە داھاتوویان دەکات.
ووتیشی: بەشداریکردنی ڕێژەی زیاتر و زیادبوونی دەنگی پارتی، پەیوەستە بەوەی پارتی ھەمیشە پارێزەری ئەزموونی ھەرێمی کوردستانە، بۆیە دەنگی پارتی لە ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی عێراق  زیاتریش دەکات، چوونکە خزمەتی خەڵک دەکات و بەرگری لە مافەکانیان دەکات، ئەوەی خۆی بە خاوەنی خەڵک دەزانێت پارتییە، خەڵکیش لە ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی خۆیان پاداشتی خزمەتەکانی پارتی دایەوە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە پێویستە لایەنەکان وەکوو پارتی چاویان لە خزمەتکردن بێت بۆ ئەوەی بتوانن دەنگ بێنن، چوونکە خەڵک لەسەر بنەمای خزمەتکردن و خەمخۆری دەنگ بە لایەنەکان دەدات.
پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ٣٩ کورسی و زیاتر لە ٨٠٠ھەزار دەنگی بەدەست ھێناوە، بەراورد بە ھەڵبژاردنی ڕابردوو زیاتر لە ٢٠٠ھەزار دەنگی زیاد کردووە و بە ڕێژەیەکی یەکجار زۆر لەپێش ھەموو لیستەکانەوەیە.


ئەم بابەتە 38 جار خوێندراوەتەوە