شەڕی زانیاری ئێران و ئیسرائیل ؛ یاری لە سێبەری سیخوڕەکان دا

پەیامی کورد   ...   شەڕی زانیاری ئێران و ئیسرائیل؛ یاری لە سێبەری سیخوڕەکان دا

شەڕی زانیاری لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیسرائیل بە گرتنی سیخوڕ و ئاشکراکردن و ئۆپراسیۆنە ئاڵۆزەکان بەردەوامە. ئەم ململانێیانە لە کوشتنی بەرپرسانەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە هەوڵدان بۆ دزەکردنە ناو پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان.
ئاژانسی هەواڵی ئەلجەزیرە ڕاپۆرتێکی بەدواداچوون بۆ دۆخی ڕووبەڕووبوونەوەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیسرائیل بڵاو کردەوە. ئاشکراکردنی زانیارییەکانی عەساف ڕەحمان، بریکاری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا (سی ئای ئەی) سەبارەت بە پلانە سەربازییەکانی ئیسرائیل دژی ئێران، یەکێکە لە دوا پەردەکانی شەڕی زانیاری دەیان ساڵەی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا. ئەم دۆسیەیە کە پەیوەستە بە کەناڵەکانی تێلێگرامەوە کە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە، تیشک دەخاتە سەر پەیوەندی ئاڵۆزی نێوان ئەو ووڵاتانە و کاریگەری یەکتریان.

ڕەهەندەکانی سیخوڕی لە ئیسرائیل و ئێران


لە مانگی تشرینی یەکەمدا، شین بێت، دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل، ١٤ کەسی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئێران دەستگیرکرد. لە ماوەی دوو ساڵدا تۆمەتباران 600-700 ئەرکی هەواڵگرییان بۆ ئێران ئەنجامداوە کە بریتی بوون لە کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر بەرپرسانی پلە باڵا.

لە هەمان کاتدا ئێران چەند کەسێکیشی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ مووساد دەستگیر کردووە. هەندێک لەو تۆمەتبارانە تۆمەتبار بوون بە تیرۆرکردن و تێکدان و تەنانەت هەندێکیان لە سێدارە دراون.

لە کاتێکدا تەکنۆلۆژیا مۆدێرنەکان ڕۆڵێکی گرینگ دەگێڕن لە بواری هەواڵگری دا، بەڵام سیخوڕی مرۆڤ لە ناوەندی ئۆپراسیۆنەکاندا دەمێنێتەوە. سینا تووسی شرۆڤەکاری سیاسی جەخت لەوە دەکاتەوە: "هێشتا سیخوڕی مرۆڤایەتی یەکێکە لە ئامرازە سەرەکییەکانی ئەم شەڕە زانیارییە".
ئەم ڕۆڵە لە ئۆپراسیۆنە تیرۆریستییەکانی دژ بە زانایانی ئەتۆمی ئێران یان دزەکردنە ناو پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی ئیسرائیلدا دیارە.

دەرفەتەکانی ئێران لە گۆڕانی کۆمەڵگای ئیسرائیل دا


جگە لە دەرئەنجامە ئەمنییەکان، ئۆپراسیۆنە سیخوڕییەکان سووتەمەنییان بۆ درووستکردنی گرژییە دەروونییەکان لە نێوان پێکهاتەکانی ئەم دوو ووڵاتەدا پەرەپێداوە. ئیسرائیل بە جەختکردنەوە لەسەر پاراستنی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی، هەوڵ دەدات پێش بە زیادبوونی نفووزی ئێران بگرێت. لە لایەکی دیکەوە ئێران هەوڵی پاراستنی ڕێگری و پێشخستنی ئامانجە ناوچەییەکانیشی دەدات. ئەم گرژییانە فشاری زیاتر لەسەر فەزای ناوخۆی هەردوو ووڵات درووست دەکەن و زەمینە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نوێ دەڕەخسێنن.

کۆمەڵگای ئیسرائیل کە سەردەمانێک وا بیردەکرایەوە کە یەکگرتووە، ئێستا ڕووبەڕووی گرژییە ناوخۆییەکان بووەتەوە کە بەهۆی سیاسەتەکانی ناتانیاهوو و هەڵچوونە کۆمەڵایەتییەکانەوە درووست بووە. حەمزە عەتار، شرۆڤەکاری بەرگری، پێی وایە ئەم گۆڕانکاریانە ڕێگەی بۆ نفوزی ئێران خۆش کردووە: "ئەگەر ئێران بتوانێت ئەم گروپانە ڕابکێشێت، ئەوا کاریگەری زیاتر لە ئیسرائیل بەدەست دەهێنێت". کۆچبەرانی ئازەربایجان و عەرەبی ئیسرائیل لەو گرووپانەن کە لە تۆمەتەکانی ئەم دواییەدا پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەبووە.

لە لایەکی دیکەوە، بیروڕای گشتی لە ئێراندا لە ئاست توانا هەواڵگرییەکانی حکوومەت ڕەشبینە. ئۆپراسیۆنە بەردەوام و سەرکەوتووەکانی ئیسرائیل لە ئێران، ئەو بیرۆکەیەی بەهێزتر کردووە کە ڕادەی "کاریگەری" ئیسرائیل لە پێکهاتەی سیاسی ئێراندا زۆر قووڵە. هەروەها ئۆپراسیۆنی تەقاندنەوەی "پەیجەرەکان" و کوشتنی حەسەن نەسرۆڵڵا، ئەمینداری گشتی پێشووی حێزبۆڵڵا لە لوبنان، جارێکی دیکە سەلماندی کە ئیسرائیل بە قووڵایی فەرماندەیی هێزە بە وەکالەتەکانی ئێران هاتۆتە ناوەوە.

لە ١٧ی ئەیلوول دا هەموو هێزەکانی حێزبۆڵڵا کە بە پەیجەر تەیار بوون، پەیامێکی کۆدکراویان پێگەیشت. مووساد پەیجەرەکانی بە شێوەیەک دیزاین کردبوو کە کۆدکردنەوە تەنها بە فشاردان لەسەر دوو دوگمە لە یەک کاتدا دەکرا. ئەمەش بووە هۆی تەقینەوەکانی ئەو ڕۆژە کە هێزەکانی حێزبۆڵڵا هەردوو دەستیان خستە سەر پەیجەرەکە.

ئه م هێرشه و زیانه گیانییەکانی له ئەنجامدا گورزێکی قەرەبوونه کراوی له حێزبۆڵڵا و هێزەکانی دا، به جۆرێک هه زاران هێزی حێزبۆڵڵا لانی کەم به شێوەیەکی کاتی له کارکه وتوو بوون. کاریگەری دەروونی ئەم هێرشە بۆ سەر حێزبۆڵڵا تەنانەت لە قوربانییە مرۆییەکان تووندتر بوو. هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوام بوون لە هێرشی بەرفراوان بۆ سەر حێزبۆڵڵا و زۆرێک لە ناوەندەکانی ئەم گرووپە چەکدارەیان بۆردومان کرد. گرژی نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حێزبۆڵڵا بەردەوام بوو لە پەرەسەندن؛ لە یەکێک لە گرینگترین پێشهاتەکانی ئەم بوارەدا، حەسەن نەسرۆڵڵا، سەرۆکی حیزبۆڵڵای لوبنان لە ٢٧ی ئەیلولدا دوای هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل لە باشووری بەیرووت کوژرا.

کاریگەرییە نێودەوڵەتییەکان


ئەم شەڕە زانیارییە کە لەگەڵ چەندین گرتن و ئاشکراکردندا بووە، نەک تەنها کاریگەری لەسەر ئاسایشی ناوخۆی ئەو دوو ووڵاتە بەڵکوو هاوکێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیش هەبووە. هەر لە ئۆپەراسیۆنەکانی مووساد لە ئێران تا هەوڵەکانی تاران بۆ دزەکردنە ناو پێکهاتەکانی ئیسرائیل، ئەم شەڕە بەردەوامە.
شەڕی هەواڵگری نێوان ئێران و ئیسرائیل بە لەبەرچاوگرتنی قووڵایی گرژییە ناوچەییەکان و ئامانجە ستراتیژییەکانی دوو وڵات، یەکێک لە ئاڵۆزترین ڕووبەڕووبوونەوەکانی جیهانە. لە کاتێکدا هەردوولا هەوڵی تێپەڕاندنی ئەوی دیکە دەدەن، کاریگەرییەکانی ئەم شەڕە لە سنوورەکانی دوو ووڵات زیاتریش درێژدەبێتەوە.


ئەم بابەتە 25 جار خوێندراوەتەوە