عه‌لی حسێن : پارتی شاندێكی تایبه‌تی پێكهێناوه بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كان بكات
پەیامی کورد ... عه‌لی حسێن : پارتی شاندێكی تایبه‌تی پێكهێناوه بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كان بكات
عه‌لی حسێن ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و، بەرپرسی مه‌كته‌بی ڕێكخستنی سلێمانی-هه‌ڵه‌بجه و ڕاپه‌ڕین ڕایگه‌یاند، پێویسته واز له بیری ته‌سكی ناوچه‌گه‌ری بهێنرێ و به گیانێكی نیشتمانی هه‌وڵی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان و پێكهێنانی حكوومه‌ت بدرێت، چوونكه ناوچه‌كه و جیهان له به‌رده‌م گۆڕانكاری گه‌وره‌دایه و كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان و پێكهێنانی حكوومه‌ت و كاراكردنیان پێویستی هه‌نووكه‌یین.
عه‌لی حسێن ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و به‌رپرسی (مه‌كته‌بی ڕێكخستنی سلێمانی-هه‌ڵه‌بجه و ڕاپه‌ڕین)ی پارتی دیموكراتی كوردستان له كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانی دا ڕایگه‌یاند: گه‌لی ئێمه قوربانی زۆری داوه و شایانی خزمه‌تكردنە، نه‌ك به بیانوی جیاواز بیر له ناوچه‌گه‌رێتی و زه‌قكردنه‌وه‌ی ناكۆكی بكرێته‌وه كه سوودی هیچ لایه‌كی تێدا نییه، كوردستان له مێژوودا به ناحه‌ق كراوه‌ته چوار پارچه، قه‌ت ئه‌وه ڕاست نییه و دڵسۆزانه نییه تۆ پارچه‌یه‌كیش بكه‌یته‌وە دووپارچه، ئه‌وه قه‌ت خزمه‌تی دۆزی ڕه‌وای گه‌لی ئێمه ناكات و نابێ هیچ لایه‌نێك به‌و شێوه‌یه بیر بكاته‌وه.
سه‌باره‌ت به پرسی پێكهێنانی حكوومه‌ت، عه‌لی حسێن ووتی: "خۆشبه‌ختانه هه‌ڵبژاردن به ئارامی تێپه‌ڕی و بابه‌تی تانه و تێبینی لایه‌نه سیاسییه‌كانیش له كۆمسیۆن كۆتایی هات، ئێستا لایه‌نه‌كان كه‌وتوونه‌ته گفتوگۆ، پارتی شاندێكی تایبه‌تی پێكهێناوه بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كان بكات بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت، پێویستمان به تێکگه‌یشتن هه‌یه، جگه له‌وه‌ش گرینگه ئێمه‌ی كوردستانی بزانین له‌سه‌ر ئاستی عێڕاق و ناوچه‌كه و جیهان گۆڕانكاری گه‌وره به‌ڕێوه‌یه، كوردیش ده‌بێت خۆی ئاماده بكات، كوردستان پێویستی به په‌رله‌مان و پێكهێنانی هه‌رچی زووتری حكوومه‌ت هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی كورد له‌ڕێی دامه‌زراوه شه‌رعییه‌كانی خۆمانه‌وه له‌بەردەم ئه‌گه‌ره‌كانی داهاتوو بین."
ئەم بابەتە 39 جار خوێندراوەتەوە