عەباس عێراقچی : لە پیتاندنی یۆرانیۆم پاشگەز نابینەوە 

پەیامی کورد   ...   عەباس عێراقچی : لە پیتاندنی یۆرانیۆم پاشگەز نابینەوە 

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، دەڵێت: دانووستانەکان ململانێی ئیرادەكانە و ئەنجامی ئەو دانووستانانە یەکلایی نابێتەوە، تا داخوازییەکانی گەلی ئێران جێبەجێ نەکرێن.
عێراقچی، ئەمڕۆ لەمیانەی كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمان ووتی : ئێمە هێزی خۆمان لە گەلی ئێران و بەتایبەتی نوێنەران وەردەگرین. 
سەبارەت بە هەندێک هەواڵی میدیاکانيش کە باس لەوە دەکەن دانووستانەکان تا هاوینی ئەمساڵ بەردەوام دەبن، رایگەیاند: ئەمانە تەنها خەمڵاندنە، ئێمە پەلە ناکەین، لە هەمان کات دا، هەوڵی دواکەوتن نادەین، بە واتایەکی تر، هەر کاتژمێرێک کە سزاکان تێیدا هەڵدەگیرێن، ئێمە دەیقۆزینەوە و درێغی ناکەین.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش كردووە: تا ئێستا وادەی خولی داهاتووی دانووستانەکان روون نییە، هەوڵەکانمان چڕتر دەکەینەوە، بەڵام نەک لەسەر حیسابی سازشکردن لەسەر مافەکانی گەل، بە سەبرەوە و بە ووردی دانووستان دەکەین، پاشەکشە ناکەین لە مافەکانی خەڵک، کە بێگومان مافی پیتاندنيش لەخۆدەگرێت.
جەختیشكردووە: له روانگەی ئێمەوە پرسی پیتاندن یه کلایی و روونه، هیچ بوارێک بۆ پاشەکشێ کردن له ئارادا نییه.


ئەم بابەتە 37 جار خوێندراوەتەوە