عەلی حسێن : ئومێد هەیە تاوەکوو نەورۆز کابینەی نوێ پێک بهێندرێت
پەیامی کورد ... عەلی حسێن : ئومێد هەیە تاوەکوو نەورۆز کابینەی نوێ پێک بهێندرێت
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی لە سلێمانی رایگەیاند، هەوڵ هەیە تاوەکوو نەورۆز کابینەی نوێی حکوومەت پێک بێت و پاش کۆبوونەوەی مەسروور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، کاروباری لیژنەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەم خێراتر بوون.
عەلی حسێن ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی (مەکتەبی رێکخستنی سلێمانی - هەڵەبجە - راپەرین)ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میانەی کۆبوونەوەیەکی فراواندا لەگەڵ بەرپرسانی لقی ٤ و سەرپەرەشتیار و بریکارانی پارتی لەسەر سندووقەکانی دەنگدان رایگەیاند: پارتی كە دەڵێ یەك حكوومەت و یەك پەڕلەمان مەبەستمان ئەوەیە كە حكوومەتی خەڵك بێت ئەو لایەنە سیاسییەی بەشداری حكوومەت دەكات دەبێت بەجیددی لەحكوومەت بێت و بەرپرسیارییەتی لە ئەستۆبگرێت، پەیامی پارتی پەیامی خزمەتگوزارییە بۆهاووڵاتیان بەبێ جاوازی لە ڕێگای حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، عەلی حسێن هەروەها ووتیشی : كە پێش هەڵبژاردن پیلانگێڕی گەورەی ناوخۆی و نێودەوڵەتی دژی پارتی هەبوو، بەڵام بە سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك بارزانی سەرجەم پیلانەكان ڕاگیران و دەنگدەرانی كوردستان بەدەنگدانیان بەپارتی دیموكراتی كوردستان ووڵامی پیلانەكانیان دایەوە.
ناوبراو هەروەها روونیکردەوە کە:هەنگاوەكان خێرا كراون بۆ پێکهێنانی حکوومەت و دوای كۆبوونەوەكانی كاك مەسروور و كاك باڤڵ، ئێستا كاری لیژنەكان باشتر بەڕێوە دەچن و ئومێد و هەوڵی جیددی هەیە بۆئەوەی تاوەکوو نزیکی نەورۆز كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێك بێت.
سەبارەت بە دۆخی عێراق و ناوچەکە عەلی حسێن روونیکردەوە کە: گۆڕانكارییەكانی ناوچە خێران و ئەوە دەخوازێت ناوماڵی كورد زیاتر یەكڕیز بێت، سەرۆك بارزانی و پارتی هەموو هەوڵێكیان بۆ یەكڕیزییە، هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستانیش كاریگەری ئەرێنی و بەهێزی دەبێت لەسەر گۆڕانكارییە سیاسی و ئابورییەكان، نەخشەی وزەی كوردستان دەباتە سەر نەخشەی وزەی جیهان.
ئەم بابەتە 51 جار خوێندراوەتەوە