فراکسیۆنی پارتی : ئێمە چاوەڕوانی بڕیاری دادگاین
پەیامی کورد ... فراکسیۆنی پارتی : ئێمە چاوەڕوانی بڕیاری دادگاین
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێ، لادانی ١٤ بەرپرسەکەی ئیدارەی پارێزگای نەینەوا لەسەر فەرمانی دادگا بووە و ئاماژە بەوەش دەکات، پارێزگاری نەینەوا سکاڵای لە دادگای فیدڕاڵی تۆمارکردووە و پێی وایە دانانی ئەو ٢٠ بەرپرسە بە ڕێکاری یاسایی نەبووە.
ئەحمەد کیکی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند: پێشتر ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لادانی ١٤ بەرپرسی یەکەی کارگێڕی سنووری پارێزگای نەینەوای پەسەندکردبوو، ھەروەھا ٢٠ کەسی دیکە دیاریکرابوون بۆ شوێن گرتنەوەی ئەو بەرپرسانەی لەکار لادراون کە بەڕێوبەری ناحیە و قایمقامەکانی سنووری نەینەوا بوون، لە شەش شوێن بۆشایی ھەبوو ١٤ بەرپرس لادرابوون کەواتە ٢٠ کەسی دیکە دەبێت دەست بەکاربن.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ووتیشی : پارێزگاری نەینەوا لە دادگای کارگێڕی سکاڵا لەسەر لادانی ئەو ١٤ کەسە و دەست بەکاربوونی ئەو کەسانەی تۆمارکردبوو، بە گوێرەی بڕیاری دادگای کارگێڕی ھاتووە لادانی ئەو ١٤ بەرپرسە ئاساییە، بەڵام ئاماژەی بە یاساییبوونی ئەو ٢٠ کەسەی دەست بەکاردەبن نەکردووە.
ئەحمەد کیکی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: پارێزگاری نەینەوا سکاڵای لە دادگای فیدڕاڵی تۆمارکردووە و پێی وایە دانانی ئەو ٢٠ بەرپرسە بە ڕێکاری یاسایی نەبووە، ئێمەش وەک فراکسیۆنی پارتی ھەمان ھەڵوێستمان ھەیەو بە ڕێکاری یاسایی ئەو بەرپرسانە دیاری نەکراون.
لەبارەی پەیدابوونی بۆشایی یاسایی، کیکی دەڵێت: بۆشایی درووست نابێت، چوونکە ئێمە چاوەڕێی بڕیاری دادگاین و ئەوانەی لەکار لادراون دەست لەکار ھەڵناگرن تا ئەوانەی لە شوێنەکانیان جێگیر دەکرێن دەستبەکار دەبن.
ئەم بابەتە 60 جار خوێندراوەتەوە