فەرمانی ترامپ بۆ زیادکردنی باج لەسەر کاڵاکانی کەنەدی و مەکسیکی و چینی؛ کەنەدا تۆڵەی لێکردەوە.
پەیامی کورد ... فەرمانی ترامپ بۆ زیادکردنی باج لەسەر کاڵاکانی کەنەدی و مەکسیکی و چینی؛ کەنەدا تۆڵەی لێکردەوە.
ئیدارەی ترامپ بە ئامانجی چارەسەرکردنی پرسی کۆچی نایاسایی بۆ ئەمریکا و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانی فێنتانیل، فەرمانی دا باجی 25% لەسەر هاوردەکردن لە کەنەدا و مەکسیک و 10% باج لەسەر هاوردەکردن لە چینەوە. هەروەها کەنەدا وەک تۆڵەسەندنەوەیەک باجی 25%ی بەسەر ئەمریکادا سەپاند.
بەرپرسانی کۆشکی سپی ڕۆژی شەممە ١٣ی شوبات بە ڕۆژنامەنووسانیان ڕاگەیاندووە، زیادکردنی باج لە ڕۆژی سێشەممە ١٦ی شوباتەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەڵام هاوردەکردنی وزەی هایدرۆکاربۆن لە کەنەدا تەنها ڕووبەڕووی زیادبوونی باج بە ڕێژەی ١٠% دەبێتەوە.
جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە باجی نوێی ئەمریکا ڕایگەیاند، کەنەدا باجی 25% لەسەر زیاتر لە 106 ملیار دۆلار هاوردەکردن لە ئەمریکاوە دەسەپێنێت.
ترودۆ ئاماژەی بەوەشکرد، لە ڕۆژی سێشەممەوە باج لەسەر 20 ملیار دۆلار لە هاوردەکردنی ئەمریکا دەسەپێندرێت و 86 ملیار دۆلار هاوردەکردن لە 21 ڕۆژ دەست پێدەکات.
ناوبراو هۆشداریشی دا لەوەی ئەو باجانەی واشینتۆن دەیسەپێنن دەرئەنجامی ڕاستەقینەی بۆ گەلی ئەمریکا دەبێت، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو باجانە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی بازرگانی ئازادی ئەمریکا و کەنەدا بووە.
سەرۆک وەزیرانی کەنەدا داوای لە هاووڵاتیانی ووڵاتەکەی کرد کەلوپەلی کەنەدا بکڕن و پشووەکانیان لە کەنەدا بەسەر بەرن.
ترودۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، کەنەدا و مەکسیک پێکەوە کاردەکەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ باجەکان.
دوای ئەوەی ترامپ ئەو باجانەی ڕاگەیاند، جەستن ترودۆ لە پۆستێکیدا لە کەناڵی ئێکس ڕایگەیاند کە کەنەدا نایەوێت ئەمە ڕووبدات، بەڵام ووڵاتەکەی ئامادەیە ڕووبەڕووی ئەو دۆخەی ئێستا ببێتەوە و لەگەڵ سەرۆکی مەکسیک ئەو بابەتە تاوتوێ دەکات.
هەروەها کلۆدیا شەینبام سەرۆکی مەکسیک لە بەرنامەی X ڕایگەیاند کە لە کاردانەوەی کارەکەی ترامپ بۆ سەپاندنی باج بەسەر هاوردەکردن لە ووڵاتەوە، فەرمانی بە وەزیری ئابووری ووڵاتەکەی کردووە زنجیرەیەک ڕێوشوێنی گومرگی و ناگومرگی جێبەجێ بکات بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی مەکسیک.
وەزارەتی دەرەوەی چین له بەرامبەر هەنگاوەی ئیدارەی ترامپ بۆ سەپاندنی باج له سەر هاوردەی له چینەوه ، ووتی: دەرمانی فێنتانیل کێشەی خۆی ئەمریکایه .
هاوکات بەرپرسێکی ئیدارەی ترامپ بە سی ئێن ئێنی ڕاگەیاندووە، ئەگەر کەنەدا، مەکسیک و چین تۆڵەی باجی هاوردەکردن بکەنەوە کە لەلایەن ئەمریکاوە سەپێندراوە، ئەمریکا بڕی باجەکان زیاد دەکات.
ئیدارەی ترامپ ڕایدەگەێنێت، بڕێکی زۆر لە دەرمانی فێنتانیڵ لە کەنەدا و مەکسیکەوە دەچێتە ئەمریکاوە.
هەروەها حکوومەتی ئەمریکا کەنەدا و مەکسیک تۆمەتبار دەکات بەوەی کە کارێکی پێویستیان بۆ کەم کردنەوەی ڕۆیشتنی کۆچبەرانی نایاسایی لە سنوورەکانی باکوور و باشووری ئەمریکادا نەکردووە.
بە گوتەی ترامپ، چین ئەو ماددانە هەناردەی مەکسیک دەکات کە کارتێلەکانی مەکسیک دەتوانن فێنتانیل بەرهەم بهێنن، کە دواتر لە سنوورەکانی ئەمریکا دەفرۆشرێت.
بڕیارە ئەو سێ ووڵاتە ڕێوشوێنی تۆڵەسەندنەوە بگرنەبەر.
کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەشکردووە، فەرمانەکەی ترامپ میکانیزمێکیش لەخۆدەگرێت بۆ زیادکردنی ڕێژەی باج ئەگەر ئەو ووڵاتانە تۆڵەی ئەمەریکا بکەنەوە.
بڕیارەکەی ترامپ ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخەکانیش بۆ بەکاربەرانی ئەمریکی بەرز دەکاتەوە.
ئاکسیۆس نووسیویەتی کە ئەم باجانە دەتوانێت ئەمساڵ بە تێکڕا ٨٣٠ دۆلار لە خێزانە ئەمریکییەکان تێبچێت.
ئەم بابەتە 56 جار خوێندراوەتەوە