فەزیحەی ئەخلاقی برای پاشای ئینگلتەرا / خەرجییەکانی لە خەزێنەی شاهانە بڕدرا

پەیامی کورد   ...   فەزیحەی ئەخلاقی برای پاشای ئینگلتەرا / خەرجییەکانی لە خەزێنەی شاهانە بڕدرا

 "چارلزی سێیەم"، پاشای ئینگلتەرا، دوای فشاری بیروڕای گشتی سەبارەت بە فەزیحەی ئەخلاقی "ئەندرۆ"ی برای، خەرجییەکانی لە خەزێنەی شاهانە بڕییەوە.
میدیاکانی بەریتانیا ڕۆژی شەممە بە پشتبەستن بە سەرچاوەی شاهانە ڕاپۆرتیان دا کە پاشا فەرمانی داوە پێدانی یەک ملیۆن پاوەندی شازادە ئەندرۆ کە دوا پەیوەندی داراییە لەگەڵ بنەماڵەی شاهانە، ڕابگیرێت.
دوای چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ بی بی سی نیوز لە ساڵی ٢٠١٨، ئەندرۆ ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بووەوە. لەم چاوپێکەوتنەدا تۆمەتی سێکسی لەگەڵ کچێکی هەرزەکار ڕەتکردەوە و وتی؛ ئەو پەشیمان نییە لەوەی هاوڕێیەتی جێفری ئیپشتاین بووە، ئەو سەرمایەدارە ئەمریکییەی کە تۆمەتبارە بە دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان.
لە هەمان کاتدا ئەو کچانەی کە لەلایەن ئەوەوە دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر، بە دانپێدانانەوە هاتنە پێشەوە، ئەمەش دۆسیەی ئەندرۆی جددیتر کرد. ڤێرجینیا جۆفری کە خۆی بە کۆیلەی سێکسی جێفری ئیپشتاین ناساندووە، لە چاوپێکەوتنێکدا دانی بەوەدا ناوە کە لە تەمەنی کەمی تەمەنیدا لەلایەن ئەندرۆوە دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر.
ئەم ئاشکراکردنانە بووە هۆی ئەوەی کە ئەندرۆ لە ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ دەست لە پۆستی شاهانە هەڵبگرێت. لە بەیاننامەیەکدا نووسیویەتی، بۆم ڕوون بووەتەوە کە هاوڕێیەتی پێشووم لەگەڵ جێفری ئیپشتاین دەستوەردانی لە کاری خێزانەکەم و ئەو ڕێکخراو و ڕێکخراوە خێرخوازییە زۆرانەدا کردووە کە شانازی دەکەم پشتیوانییان لێدەکەم. بۆیە داوام لە شاژن (کە ئەوکاتە لە ژیاندا بوو) ڕازی بێت بە دەست لەکارکێشانەوەم لە ئەرکە گشتیەکان و ئەویش ڕازی بوو.

بەڵام بابەتەکە بەو دەستلەکارکێشانەوەیەی کە پێشتر باسمان کرد کۆتایی نەهات و نازناوی سەربازی ئەم شازادە ئینگلیزەی لێ وەرگیرا و هەروەها بانگهێشتکردنی بۆ مەراسیمە فەرمییەکانی بنەماڵەی شاهانە ڕەتکرایەوە. تاکە پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی پاشایەتیدا خەرجی یەک ملیۆن پاوەند و ڤێلاکەی بوو کە ٣٠ ژووری نوستن بوو، کە ئێستا بە فەرمانی پاشا پچڕاوە و ناچارە بچێتە شوێنێکی بچووکتر.

هەروەها دەوترێت چارلی سێیەم وازی لە پێدانی پارەی ئەمنی قورس بۆ براکەی هێناوە. سەرچاوەیەکی نزیک لە دەسەڵاتی پاشایەتی بەریتانیا بە میدیاکانی بەریتانیای ڕاگەیاندووە: "ئەندرۆ چیتر تێچووی دارایی نییە بۆ پاشا".

ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەپێی ئامارەکان لانیکەم یەک لەسەر سێی خەڵکی بەریتانیا دەسەڵاتی پاشایەتی بە توخمێکی زیادە و تێچووی زۆر و بەسەرچوو دەزانن. ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لەم دواییانەدا لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی سیستەمی شاهانەی بەریتانیا لە هەموو کاتێک زیاتر لاواز و ناسکە و ئەگەری ئەوە هەیە بەهۆی بزووتنەوە کۆمارییەکان بکەوێت.


ئەم بابەتە 37 جار خوێندراوەتەوە