قایمقامی عه‌نكاوه‌ : سه‌رۆكی حكوومه‌ت زۆر پشتگیری كردووین

پەیامی کورد   ...   قایمقامی عه‌نكاوه‌ : سه‌رۆكی حكوومه‌ت زۆر پشتگیری كردووین

هه‌ردوو شاری عه‌نكاوه‌ و ستێرلینگ هایتسی ئه‌مریكا بوونه‌ته‌ ده‌سته‌خوشك، قایمقامی عه‌نكاوه‌ش ده‌ڵێ: سه‌رۆكی حكوومه‌ت زۆر پشتگیری كردووین. 

ڕامی نووری، قایمقامی عه‌نكاوه‌ ڕایگه‌یاند: ڕێکكه‌وتنی نێوان شاری عه‌نكاوه‌ و شاری ستێرلینگ هایتسی ویلایه‌تی میشیگنی ئه‌مریكا بۆ  بوونە دەستەخوشک ئیمزا كراوه‌، ژماره‌یه‌كی زۆری ڕه‌وه‌ندی كلدانی له‌و شاره‌ نیشته‌جێن، پرۆسه‌كه‌ له‌ مانگی نیسانی ڕابردووەوه‌ كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت، ئەو پڕۆژەیە پێنج مانگە له‌سه‌ر پێشنیاری دامه‌زاوه‌ی ڕه‌وه‌ندی كلدانی کاری لەسەر دەکرێت، ڕۆژی هه‌ینی ڕابردوو ڕێکكه‌وتنه‌كه‌ ئیمزا كرا. 

قایمقامی عه‌نكاوه‌ ووتیشی: مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پشتگیرییه‌كی ته‌واوی كردین، نووسینگه‌ی جه‌نابیان به‌رده‌وام له‌سه‌ر خه‌ت بوو تا گەیشتینە ڕێککەوتن، ڕێکكه‌وتنه‌كه‌ سوودی زۆره و عه‌نكاوه‌ و گه‌لانی ناو عه‌نكاوه‌ بوونه‌ته‌ خاوه‌ن ده‌ستكه‌وتێكی دیكه‌. 

ڕامی نووری ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد: ئێمه‌ ده‌توانین كادیرانی فه‌رمانگه‌كانی خۆمان بۆ ڕاهێنان و سوود وه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونی شاری ستێرلینگ ڕەوانەی ئەو شارە بکەین، هاوکات ده‌توانین گروپی گه‌نجان ڕه‌وانه‌ی ئه‌مریكا بکەین و سوود له‌ ئه‌زموونی ژیانی ئه‌وان وه‌ربگرن، خاڵێكی دیكه‌ ئاڵۆگۆڕی كلتووری و ڕۆشنبیری نێوانمانە. 


ئەم بابەتە 63739 جار خوێندراوەتەوە