كاردانەوەی تووندی بەرپرسانی ئیسرائیل و ئەمریکا بەرامبەر بە بڕیاری فەرەنسا بۆ دان پێدانان بە دەوڵەتی فەلەستین

پەیامی کورد   ...   كاردانەوەی تووندی بەرپرسانی ئیسرائیل و ئەمریکا بەرامبەر بە بڕیاری فەرەنسا بۆ دان پێدانان بە دەوڵەتی فەلەستین

دوابەدوای ڕاگەیاندنی ئیمانۆئێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، سەبارەت بە مەبەستی فەڕەنسا بۆ بە ڕەسمی ناساندنی ”دەوڵەتی فەلەستین" لە مانگی سپتامبر، بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل و ئەمریکا بە شێوەیەكی توند و ڕەخنەگرانە، بەرامبەر بەو بڕیارە كاردانەوەیان نیشان دا و بە "مەترسیدار" و "نا واقیعی" و "دژی ئاسایشی ئیسرائیل" وەسفیان کرد.

بێنیامین ناتانیاهوو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە توندی ئیدانەی بڕیارەکەی ماکرۆنی کرد و ووتی؛ بە فەرمی ناسینی دەوڵەتی فەلەستین لە دوای کۆمەڵکوژییەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر پاداشتێکە بۆ تیرۆر و دەكرێت ببێتە درووستکردنی هێزێکی دیکەی بە وەکالەت بۆ ئێران. دەوڵەتێکی فەلەستینی لەم هەلومەرجەدا نەك هاوبەشی ئاشتی نییە، بەڵکوو دەبێتە مەیدانێك بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل. با ڕاستگۆ بین: فەلەستینییەکان بەدوای دەوڵەتێکدا لە تەنیشت ئیسرائیل نین؛ بەڵكوو بەدیلێكیان بۆ ئەوە دەوێت."

هەروەها مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بڕیارەکەی فەرەنسای بە "بێ باکانە" وەسف کردووە و لە پەیامێکدا لە ئێکس نووسیویەتی؛ ئەم کارە تەنها خزمەت بە پڕووپاگەندەی حەماس دەکات و پرۆسەی ئاشتی دەخاتە دواوە، سووکایەتیکردنە بە قوربانییانی هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر.

لەلایەکی دیکەوە، گیدعۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، لێدوانەکانی ماکرۆنی بە “گاڵتەجاڕانە و نابەرپرسیارانە” ناوبرد و هۆشداری دا لەوەی کە دەوڵەتێکی فەلەستینی بە شێوەیەکی کاریگەر هەمان دەوڵەتی حەماس دەبێت.
ماکرۆن ناتوانێت ئاسایشی ئیسرائیل مسۆگەر بکات، تەنانەت لەسەر شەقامەکانی پاریسیش بەزەحمەت ئاسایش هەیە. پرۆسەی ئۆسلۆ شکستی هێناوە و ئیسرائیل چیتر ئاسایشی خۆی بە قومار ناسپێرێت."

بڕیاری پاریس بۆ دانپێدانانی دەوڵەتی فەلەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لەکاتێکدایە كە هێرشە سەربازییەکان لە غەززە هێشتا بەردەوامن، شەپۆلێکی ڕەخنەی دیپلۆماسی لە نێوان هاوپەیمانەکانی ئیسرائیل دا لێکەوتووەتەوە و ئەگەری قووڵبوونەوەی درز لە نێوان ئەورووپا و ئیسرائیل ی بەرز كردووەتەوە.
 


ئەم بابەتە 12 جار خوێندراوەتەوە