كتێبێكی سەرۆك بارزانی لە پێشبڕكێی نێودەوڵەتی كتێب خەڵاتی وەرگرت

پەیامی کورد   ...   كتێبێكی سەرۆك بارزانی لە پێشبڕكێی نێودەوڵەتی كتێب خەڵاتی وەرگرت

كتێبێكی سەرۆك بارزانی لە پێشبڕكێی نێودەوڵەتی پەرتووك خەڵاتی وەرگرت، ئەمە یەكەمین جارە كتێبی سەركردەیەكی كورد لە‌ پێشبڕكێیەكی نێودەوڵەتی كتێبدا لەسەر ئاستی دنیا، ئەو خەڵاتە بەدەست بهێنێت.

كتێبێكی سەرۆك بارزانی بەناوی "بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد، شۆڕشی گوڵان" لە پێشبڕكێی خەڵاتی نێودەوڵەتی پەرتووك كە ساڵانە لەلایەن (American Book Feast)  رێك دەخرێت و خەڵات دەبەخشێتە باشترین كتێب لە هەموو بوارەكاندا، ئەمساڵ لە بواری مێژووی گشتی، كتێبێكی سەرۆك بارزانی كە بە زمانی ئینگلیزی چاپ كراوە و تایبەتە بە بیرەوەرییەكانی لەسەر ڕووداوە مێژوییەكانی چەندان دەیەی رابردوو، خەڵاتی دووەمی لەو پێشبڕكێ نێودەوڵەتییەدا بەدەست هێنا.

پێشبڕكێی خەڵاتی نێودەوڵەتی پەرتووك 15 ساڵە بەڕێوە دەچێت، ئەو خەڵاتە بە باشترین كتێبەكانی ساڵ لە هەموو ژانرەكان دەبەخشێت، تا ئێستا خەڵاتی بە چەندان كتێب لە سەرجەم بوارەكان لە سەرانسەری دنیادا بەخشیوە.

كتێبەكەی سەرۆك بارزانی بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد، شۆڕشی گوڵان - بەرگی لەلایەن داڤان یەحیا خەلیل نووسەری كوردی دانیشتووی بەریتانیاوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی ئینگلیزی.

لەبارەی خەڵاتەكەیانەوە جێفری كین بەڕێوبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای (American Book Feast)، كە رێكخەری خەڵاتە نێودەوڵەتییەكەیە رایگەیاند، ئەمساڵ بە هەزاران ناونیشانیان پێشكەش كراون و تەنیا ژمارەیەكی كەم پاڵێوراون بۆ خەڵاتەكان.

"ئەم خەڵاتكردنە ئامانج لێی پاڵپشتیكردن و پشتگیرییە بۆ دنیای كتێب، هەروەها هەوڵێكیشە تا سەرنجی خوێنەر رابكێشن و بگەڕێنینەوە بۆ دنیای كتێب."

لە پێشبڕكێكەی خەڵات بەخشیندا  وێڕای كتێبەكەی سەرۆك مەسعوود بارزانی، كتێبی بیرەوەرییەكانی هەریەك لە پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیكان، لەگەڵ كتێبی ژیاننامەی گۆرانیبێژ و پێشكەشكاری ناسراوی ئەمریكی ڤێنیسا ڤیلیەمس، كتێبی ژیاننامەی ئەكتەری ناسراوی ئەمریكی بۆب ئۆدینكێركیش هەبوون.

"بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد" لە دوو بەش پێكهاتووە، لە هەردوو بەشەكە بە وردی باس لە ڕووداوەكانی ماوەی نێوان ساڵانی 1975 تا 1990 دەكات، چەندان ڕووداوی گرینگ و مێژوویی ڕوویان دا و بوونەتە خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی گەلی كوردستان.

سەرۆك بارزانی لە بەشی یەكەمی كتێبەكەدا، باس لە دەستپێكردنی شۆڕشی گوڵان دەكات، جیا لەوەش دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی پێش شۆڕش، كە پێوەندیدارە بە ڕووداوەكانی دوای نسكۆ و ئامادەكاری دەستپێكردنەوەی خەبات، هاوكات باس لە نەخۆشیی بارزانی نەمر دەكات و سەردانەكەی بۆ ئەمەریكا دەگێڕێتەوە.

لە پێشەكی كتێبەكەدا سەرۆك بارزانی باس لە دەستپێكردنەوەی شۆڕش دەكات و نسكۆی ساڵی 1975 بەكارێكی سەخت وەسف دەكات و دەڵێت: "لای زۆر كەس پتر لە خەیاڵ دەچوو".


ئەم بابەتە 25780 جار خوێندراوەتەوە